فارس عیسا باسی سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا دەکات

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگە و بڕیارە لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتیی عێراقیش کۆببێتەوە و تێیدا باس لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کۆدەبێتەوە، لەو کۆبوونەوانەشدا باس لەو پرسانە دەکرێت کە هەڵپەسێردراون لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بۆ ئەوەی بتواندرێت چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتیشی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و لە ئێستادا رێکارەکانی ناردنی پارەکە دەستی پێکردووە و هەر کاتێک ڕێکارەکان تەواو بن، رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




