"شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران بەنێودەوڵەتی دەکرێن"

سۆران-KDP.info- بڕیارە شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەنێودەوڵەتی بکرێن و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆرانیش دەڵێ، لە قۆناغی یەکەمدا گەلی عەلی بەگ دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتی.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت لە پاییزی ساڵی رابردوودا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کەرتی گەشتوگوزار بووە بە یەکێک لەو کەرتانەی ئێمە زیاتر گرینگیی پێ دەدەین و کار بۆ بەرەوپێشبردنی دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پلان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانراون".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران گوتیشی: "ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بە چەند قۆناغێک بەنێودەوڵەتی دەکرێن، پلانمان ئەوەیە بە چەند قۆناغێک ئەو شوێنانەی گەشتیارین، ماستەرپلانیان بۆ دابنرێت و بکرێنە شوێنی نێودەوڵەتی".
سادق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە قۆناغی یەکەمدا گەلی عەلی بەگ دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتی، کە ھەردوو دیوی بێخاڵ و گردی باپشتیان کاریان لەسەر دەکرێت و ماستەرپلانیان بۆ دیاری دەکرێت، تا بکرێتە شوێنێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەک سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی راکێشێت، دوای گەلی عەلی بەگیش شوێنەکانی دیکە ئامادەکارییان بۆ دەکرێت".
قائید میرۆ




