نرخی دۆلار کاریگەریی لەسەر بازاڕ نەبووە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل نەبووە لە بازاڕ و بەردەوامیش چاودێریی بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی نرخەکان بەرز نەکرێنەوە و ئەوەی ئەو کارەش بکات ڕێکاری بەرامبەر دەگرنە بەر .
نەوزاد شێخ کامیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار جیهانی نییە و ناوچەییە و زیاتر پەیوەستە بە عێراقەوە و ئومێد دەکەین دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کەلوپەلانەی لە بازاڕ هەن، ئەگەر نوێ هاتبن پێویستە قازانجێکی وا نەکرێت کە زیان بە هاووڵاتیان بگات، چونکە ئەوەی نرخەکان زیاد بکات ڕێکاریان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.''
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئەم دۆخە زۆر کاریگەریی لەسەر بازاڕ نەبووە، چونکە تا ئێستا 11 بەشەخۆراک دابەش کراوە و ئەو ماددانەی هەیە خەڵک زۆر پێویستیان پێیان نییە لە بازاڕ بیانکڕن و ئەمەش وای کرد بازرگان نەتوانێ نرخی کەلوپەلەکان بەرز بکاتەوە و ئێستا بازاڕ وەستاوە و نرخەکانی وەکوو خۆیەتی، بۆیە ئەمە کاریگەریی لەسەر داهاتی تاک دروست نەکردووە.''
بڵند ئیبراهیم




