لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی: خانەنشینان و کەمئەندامانی پێشمەرگە پاداشتی مووچەی ساڵێک زیاتریان پێ دەدرێت

هەولێرـKDP.infoـ خانەنشینیی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاسا دەکرێت، بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامانی پێشمەرگەش دەڵێت، خانەنشینیی پێشمەرگە بەردەوامە و هەر یەکێکیان بەپێی مووچەکەی پاداشتی ساڵێک و شەش مانگ و هەندێکیشیان ساڵێک وەردەگرن و کۆتا مووچەیان جارانی هەژدە و دوانزە دەکرێت، هەریەکە و بە گوێرەی بەرزی و نزمیی پلەی سەربازیی خۆی پێیان دەدرێت.''
خانەنشینی پێشمەرگە پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە چوارچێوەی یاسایە، سەبارەت بەمە، لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و کەمئەندامانی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خانەنشینی پێشمەرگە بەپێی دوو یاسا دەکرێت بەپێی یاسای ٣٨ و یاسای ٣٤ی ٢٠٠٧، یاسای ٣٨ی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگەیە یاسای ٣٤ی یاسای کەمئەندامیی پێشمەرگە بەپێی ئەم یاسایە هەر کەمئەندامێک، یاخود شەهیدێک مافی ئەوەی هەیە ساڵێک و شەش مانگ پاداشتی کۆتایی وەربگرێت، یاساکە بەم شێوەیە هاتووە پاداشتی کۆتایی خزمەت لەسەر ئەوەی دوامووچەی ئەم پێشمەرگەیە چەندە ئەمە جارانی ١٨ دەکرێت، واتا دەکاتە ساڵێک و شەش مانگ، ئەوەندە کۆپارەیە وەردەگرێت ئیتر هەر یەکەو بەپێی مووچەکەی خۆیەتی هەیە پلەی بەرزە و هەیە پلەی زیاترە.''
لاوەرانی گوتیشی: "سەبارەت بە خانەنشینەکانی تریش، وەک خانەنشینیی کۆچکردوو خانەنشینی هۆکاری تەندروستی و خانەنشینیی سەربازی، ئەم سیانەش، پاداشتی ساڵێک وەردەگرن، واتا ١٢، کۆتا مووچەکەی جارانی ١٢ دەکرێت ئەم کۆکراوەیەی پێ دەدرێت و بەپێی وردبینی لەلایەن لیژنەی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی و ئابووری، تا مانگی ١٠ ساڵی ٢٠٢٢ چوار هەزار و ١٧١ خانەنشینی سەربازی و کۆچکردوو، هەروەها ئەوانەی بە هۆكاری نەخۆشی خانەنشین كراون، لەگەڵ ١٦٦ کەمئەندامی شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕەوانە کراوە و پرۆسەکەش تا ئێستا هەر بەردەوامە.''
سەرحەد لاورانی زیاتر دەڵێت: "تایبەت بە شەهیدانی شەڕی داعش، کە مووچەکانیان لە لای ئێمەیە، داوامان کرد و خۆشبەختانە ئەنجومەنی وەزیران موافەقەی لەسەر کرد کە پێیان بدرێت مانگانە ٦٠٠ ملیۆن لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە دەدرێت و دابەشی دەکەین، بەپێی ئەوەی پێشتر شەهید بووە پرۆسەیەکە و دوو ساڵە خەریکین، لەدواییشدا سەبارەت بە کەمئەندامان گوتمان ئەمانەش شەهیدی زیندوون، بەڵکوو بۆیان سەرف بکرێت و لە چوارچێوەی یاساشە، لەم مانگەوە پارەکە گەیشتووەتە لای ئێمە و بۆ ئەوانیشی سەرف دەکەین.''
فایزە کۆیی




