گوتەبێژی خوێندنی باڵا: ڕەوشی ڕووسیا کاریگەریی لەسەر چوونی قوتابییان بۆ ئەو وڵاتە نییە

هەولێر -KDP.info- وڵاتی ڕووسیا ژمارەیەک زەمالەی خوێندنی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین کردووە و گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش دەڵێ، ڕەوشی ئەو وڵاتە کاریگەریی نییە لەسەر چوونی قوتابییان بۆ خوێندن.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتی ڕووسیا ٦٠ زەمالەی خوێندنی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین کردووە بۆ خوێندنی ئەمساڵ لە بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا. ھاووڵاتییان و فەرمانبەران بەپێی ئەو مەرجانەی دیاری کراون لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەوە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ خوێندن لە ڕووسیا و بەپێی مەرجەکان داواکاری وەردەگرین.''
گوتەبێژی خوێندنی باڵا دەشڵێت: "ساڵانی ڕابردووش وڵاتی ڕووسیا زەمالەی خوێندنی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین کردووە و چەندین قوتابی چوونەتە ئەو وڵاتە بۆ درێژەدان بە خوێندن.''
لەبارەی کاریگەریی ڕەوشی ڕووسیا لەسەر قوتابییانی ھەرێم، عەباس ئەکرەم ڕوونی کردەوە: "شەڕی نێوان ڕووسیا و ئوکراینا لەنێو خاکی ڕووسیادا نییە و پەیوەندیی بە پرۆسەی خوێندنەوە نییە، لەبەر ئەوەیش ھاووڵاتیان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و ھیچ کاریگەریی نییە لەسەر چوونی قوتابیانی ھەرێم بۆ ڕووسیا.''
قائید میرۆ




