سەربەست لەزگین: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی دهسبهكاربوونی بەرپرسی تازەی لقی 23ی پارتی دیموکراتی كوردستانهوه بەڕێوە چوو، سەربەست لەزگین، بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری هەولێر، ڕایگەیاند، لە ناچاری تەمەنی پەرلەمانمان درێژ کردەوە و بەلای ئێمەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کۆتایی ئەمساڵدا زۆر گرنگە.
بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری هەولێر گوتی: ''ڕەوشی پارتی لە هەموو حزبەکانی دیکەی کوردستان باشترە، بەڵام تمووحاتی ئێمە ئەوەیە کە زیاتر بەهێز بین و زیاتر لە لوتکە بین، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنەکان پێوانەیەکی بنەڕەتین، بۆیە پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان، کە پێویستە کۆتایی ئەمساڵ بکرێت.''
گوتیشی: ''ئێمە لە حکوومەتی عێراقدا بەپێی ڕێککەوتنێکی باشی نووسراو بەشدارین، کە بە ناوی ڕێککەوتنی ''ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت'' ناسراوە. ئەگەر کارکردن و بەڕێوەبردنی عێراق لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە بێت، ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبین و ئەو کێشانەی لە نێوان ئێمە و حکوومەتی عێراقدا هەیە بەرەو ئاسۆیەکی باشتر دەچن و ڕەنگە بارودۆخی ئابووریی خەڵکی کوردستان و عێراق باشتر ببێت. تاکوو لایەنی عێراق پابەند بێت بەم ڕێککەوتنەوە، ئێمەش وەکوو لایەنی هەرێمی کوردستان پێوەی پابەند دەبین و هەوڵ دەدەین پێکەوە وەزعێکی باشتر لە عێراق بینینە ئاراوە و کێشەکان بەرەو چارەسەری بڕۆن.''
سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوەش دا: ''دەزانین کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەک دامەزرا و چەند ڕێککەوتن کران لە نێوان حزبە کوردستانییەکان، بەتایبەتی پارتی، یەکێتی و گۆڕان کە سێ لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانن.''
جەختی لەوەش کردەوە: ''لە نێوان ئێمە و یەکێتی دوو ڕێککەوتن کراوە. لە ڕۆژی 4/3/2019 ڕێککەوتنێک بە ناوی ڕێککەوتنی سیاسی کراوە کە ڕێککەوتنێکی زۆر باشە و نزیکەی 18 خاڵە کە هەموویان بریتین لە هەندێک پرەنسیپی شێوازی کارکردن لە هەموو بوارێکدا، لەوانە پشتگیریی حکوومەت و پەرلەمان و پەیوندیمان لەگەڵ حزبەکانی تر و وڵاتانی دەوروبەرمان و حکوومەتی عێراق. بەڵام بەداخەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکوو پێویست بە ڕێککەوتنەکەوە پابەند نەبووە و بۆ ئەمەش نیگەرانییەکی زۆر لای ئێمە هەیە.''
گوتیشی: ''ڕێککەوتنی دووەم کە بەدوای ئەم ڕێککەوتنە سیاسییەدا کرا، ڕێککەوتنی پۆست و ئیدارەکردنی حکوومەت بوو، ئەم ڕێککەوتنە وەکوو خۆی و زیاتریش جێبەجێ کراوە، ئەگەر پێداچوونەوەیەکی پێدا بکرێت، دەردەکەوێت کە ئەو پۆستانەی یەکێتی وەریگرتوون زۆر زیاترن لەوەی کە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەری دەکەوت.''
سەربەست لەزگین ڕوونیشی کردەوە: ''وەکوو پارتی هەموو کاتێک هەوڵ دەدەین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە یەکێتی ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، لەم دواییەدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەکەن، ڕەنگە وا حیساب بکەن کە ماوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر چووە و پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە بەرپرسیارەتی ڕا بکەن. بەداخەوە یەکێتی زۆر جاریش لە بەرپرسیارەتی ڕای کردووە.''
جەختی لەوەش کردەوە: ''پێویستە لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر ڕژدین کە ئەم هەڵبژاردنە بەپێی ئەو کاتەی پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردووە، بەڕێوە بچێت، ئێمە پێمان خۆش نەبوو ئەم ساڵەش زیاد بکرێت، بەڵام شتێکی ناچاری هاتە پێش، بیر و بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنیەتیی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن هەبوو کە ئێستاش چارەسەر نەکراون، بەڵام ئێمە ڕژدین لەسەر چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە و ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە.''
ڕامان وریا




