''پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە دھۆک جێبەجێ دەکرێت"

دهۆک -KDP.info- بڕیارە پڕۆژەی ستراتیژیی ستی سەنتەر لە دھۆک جێبەجێ بکرێت و سکرتێری پارێزگاریش دەڵێت، پڕۆژەیەکی سەردەمیانە و بەرفراوانە و دەبێتە ھۆی پێشکەوتنی دھۆک لە ڕووی ھەبوونی بازاڕێکی سەردەمیانەوە.
میللەت عسمەت، سکرتێری ڕۆژنامەڤانیی پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی ستی سەنتەر لەنێو سەنتەری دھۆک لەسەر ڕووبەری ٤٠ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت و پڕۆژەکە لە پارکی ئۆتۆمبێڵ و چەندین شوێنی گەشتیاری پێک ھاتووە و دوو نەخشەی بۆ پێشنیاز کراوە، پارێزگاری دھۆکیش لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەوڵدایە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستی سەنتەری دهۆک.''
میللەت عسمەت ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پڕۆژەکە بە شێوەیەکی سەردەمیانە لەسەر ڕووباری دھۆک دروست دەکرێت و ھەموو پێوەرەکانی شاری پێشکەوتووی تێدایە و بە تەواوبوونیشی، دھۆک دەچێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتنەوە، چونکە ھەم دیمەنێکی جوان بە دھۆک دەبەخشێت، ھەم دەبێتە خاوەنی بازاڕێکی پێشکەوتوو، چونکە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ شاری دھۆک.''
قائید میرۆ




