پارکێکی گەورە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست دەکرێت

سۆران-KDP.info- سەرۆکی شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، بڕیارە پارکێکی گەورە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکرێت، کە 200 دۆنم زەوی بۆ تەرخان کراوە و ئێستا خەریکی دۆزینەوەی وەبەرهێنەرێکین بۆ ئەوەی پارکەکە دروست بکات، کە پارکێکی گەورە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت.
کاوە نەجم، سەرۆکی شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە غەفووراوای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 200 دۆنم زەوی دیاری کراوە بۆ ئەوەی پارکێکی گەورەی سەردەمیانە دروست بکرێت کە هەموو شتێک لەخۆی دەگرێت وەکوو مۆڵ و شوێنی بازرگانی و مەلەوانگە و هەموو ئەوەی پێویستە لێی دروست دەکرێت و پارکێکی زۆر گەورەیە و خزمەتێکی باشی دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات.''
سەرۆکی شارەوانیی سۆران گوتیشی: ''داواکارییەکە پێشکەشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرێک بدۆزرێتەوە و پڕۆژەکە ئەنجام بدات و هەرکاتێک وەبەرهێنەر دۆزرایەوە دەست بە دروستکردنی دەکرێت.''
گوتیشی: ''ئەمە دەبێتە یەکەم پارکی وا گەورە کە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە دروست دەکرێت، بۆیە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ سۆران.''
بڵند ئیبراهیم




