٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەیلا عەبدولجەبار: سبەی کۆبوونەیەکی گرینگ لەبارەی لێبووردنی گشتی بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بڕیارە سبەی یەکشەممە 8/1/2023 لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی کۆ ببنەوە و ئەندامێکی پەرلەمانیش ئاشکرای کرد، مەرجی نوێ بۆ دەرکردنی لێبووردنی گشتی دەردەکرێن و یاساکە ھەموار دەکرێتەوە.

لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی کۆبوونەویەکی گرینگ لەبارەی لێبووردنی گشتی بەڕێوە دەچێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سەرۆکایەتیی ھەریم و ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ و ھەموو ئەوانەی پەیوەستن بە پرسی زیندانیان و لێبووردنی گشتییەوە کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی بابەتی دەرکردنی لێبووردنی گشتی بکرێت، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەش نابێت، لە داھاتوودا کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دەدرێن.''

ئەندامەکەی پەرلەمان گوتیشی: "ئێمە لیژنەیەکی تایبەتین، پێشتر سەردانی ھەموو چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە و بەدواداچوون بۆ ڕەوشی چاکسازییەکان و داواکاری زیندانیان کراوە ھەمووی کۆ کراوەتەوە لە کۆبوونەوەی سبەی یەکشەممە دەخرێنە ڕوو، بێگومان سەرۆکایەتیی ھەرێم و ھەموو لایەنەکانی دیکەی بەشدار بۆچوونی خۆیان دەبێت.''

لەیلا عەبدولجەبار ڕوونی کردەوە: "لە کۆبوونەوەی سبەی بۆچوونی ھەموو لایەنەکان کۆ دەکرێتەوە لە ئەنجامی لێکتێگەیشتن و دیاریکردنی خاڵەکان دەخرێتە چوارچێوەی پاکێج بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونانە یاسای لێبووردنی گشتی ھەموار بکرێتەوە، چونکە پێشتر لێبووردنی گشتی بەبێ ڕەخنە تێ نەپەڕیوە و دەمانەوێ ئەم جارە مەرجەکان دیار بن و ناکرێت کەسێک بەر لێبووردنی گشتی بکەوێت و لەنێو کۆمەڵگا دووبارە تاوان ئەنجام بدات، ھەروەھا ھەندێ تاوان ھەن، وەک تیرۆر، بە ھیچ شێوەیەک لێبووردنی گشتی نایان گرێتەوە.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار