عەمید دلێر بنکەكانی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت له KDPیهوه ئاشكرا دهكات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، پرۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتی هاووڵاتیان دەستی پێکردووە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەن پەلە بکەن لە تۆمارکردنی چەکەکانیان، کە چەکەکەیان تۆمار دەکرێت و لێیان وەرناگیرێت، بەڵکو لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە و پارێزگاری لێ دەکەن تا مۆڵەتی چەکهەڵگرتن دەردەهێنن.
عەمید دلێر نەجاڕ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئەوانەی چەکی ئاگرینی وەکو کڵاشینکۆف و دەمانچەیان هەبێت و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان نەبن، بە زووترین کات سەردانی بنکەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان، کە ئەوە یەکەمین هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چەکی ژمارە دووی ساڵی 2022ـیە، کە ساڵێک دیاری کراوە بۆ ئەو پرۆسەیە و هەر کەسێک دوای ئەو وادەیە چەکی تۆمارنەکراوی لابێت، وەکو چەکی نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
نەجاڕ گوتیشی: "ئەوانەی چەکیان تۆمار دەکەن لە بنکەکانمان لە هەموو هەرێمی کوردستان، حکوومەت چەکیان لێ ناستێنێتەوە و تەنها تۆمار دەکرێت لەلایەن لیژنەیەک و لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە و لای خۆیان دەبێت، بەڵام نابێ بیبەنە دەرەوە تا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک دەردەهێنن، کە لە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، بۆیە تەنها چەکی بەناو تۆمار دەکرێت و ئەگەر پارێزگاری لێ بکات و نەیباتە دەرەوە، لای خۆی دەبێت".
عەمید دلێر دەشڵێ: "داوا لە هاووڵاتیانی بەشەرەفی شاری هەولێر دەکەین کە هەمیشە هاوکاری حکوومەت و پۆلیس بوونە، پەلە بکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان، کە بنکەکانیشمان بۆ تۆمارکردنی چەکی ئاگرین لە پارێزگای هەولێر بریتین لە بنکەی پۆلیسی ئازادی، بنکەی پۆلیسی راپەڕین، بنکەی پۆلیسی عەنکاوە، بنکەی پۆلیسی خەبات، بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە، بنکەی پۆلیسی پیرمام، بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر و بنکەی پۆلیسی کۆیە، بۆیە لەو شوێنانە دەتوانن بێن چەکەکانیان تۆمار بکەن و لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمیش بنکە هەن، بەڵام ئەوانەی ئێمە هەشت بنکەن بۆ تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتیان".
بڵند ئیبراهیم




