٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک لەسەر چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک کۆ ببێتەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێ، کۆبوونەوەکە سێ بڕگەی لە خۆ گرتووە، لەوانە کێشەی دواکەوتنی خۆراکی مانگانە و دەنگدان لەسەر دوو بەڕێوەبەری ناحیە.

لەم بارەیەوە، وشیار گولی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو ئەنجوومەنی پارێزگا دھۆک کۆبوونەوەی ژمارە ١٣٣ی ئاساییی خۆی ئەنجام بدات و بڕیارەکە لە سێ بڕگە پێک ھاتووە، یەکێک لە بڕگەکان ئەندامێکی ئەنجوومەن دەستی لەکار کێشاوەتەوە و ئەنجوومەن بە نووسراوی فەرمی داوا لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دەکات کەسێکی دیکە بەپێی یاسا شوێنی بگرێتەوە.''

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەنگدانە لەسەر ھەڵبژاردنی دوو بەڕێوەبەری ناحیە بۆ ھەریەک لە ناحیەکانی خانکێ و چەمانکێ، کە لەلایەن پارێزگای دھۆکەوە ناوی دوو بەربژێر پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگا کراوە بە مەبەستی دەنگدان.''

وشیار گولی گوتیشی: "پێشتر ڕاپۆرتێک لەبارەی دابەشکردنی خۆراکی مانگانە دراوەتە ئەنجوومەن و تێبینیی لەسەری ھەبووە، بڕیارە حەفتەی داھاتوو جارێکی دیکە ڕاپۆرتێک بخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی بزانین تا چەند ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەن جێبەجێ کراون، لەبەر ئەوەی گلەیی لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی خۆراکی مانگانە ھەبووە لە سنووری پارێزگای دھۆک.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار