د. بەشیر: پێویستە کورد یەکگرتوو بن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەغدا

هەولێر-KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆکی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق پێی وایە، باشترین چارەسەر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکانە و دەشڵێ، ئەگەر رێککەوتنی پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێت، کاریگەری لەسەر پێگەی کورد دەبێت.
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە ھەژدە ساڵی رابردوودا ھەرێم و بەغدا ھەر رێککەوتوون و دواتر بەغدا پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکانەوە، ئەمەش وای کردووە متمانە لە نێوان ھەردوولا نەمێنێ، پێویستە بۆ رێککەوتنی ئەمجارە وڵاتانی جیھان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار بن، چونکە ھەوڵێک ھەیە لەلایەن ھەندێ لایەنی سیاسی بۆ ئەوەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا سەر نەگرێت.
جێگری پێشووی سەرۆکی ئهنجوومهنی نوێنهران گوتیشی، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران، نیەتی ھەیە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتن لەگەڵ ھەرێم، بەڵام ئەوەی رێگرە لە بەردەم رێککەوتنەکان، ئەو لایەنانەن کە ھەژموونیان بەسەر حکوومەتی فیدڕاڵدا ھەیە.
حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، باشترین رێگە و چارەسەر ئەوەیە لایەنە کوردییەکان خۆیان یەکگرتوو بن، چونکە کاریگەری لەسەر پێگەی کورد دەبێت لە بەغدا، بە تایبەتی ئەگەر رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بکرێت، ئەوا پێگەی کورد بەھێز دەبێت لە بەغدا، بە پێچەوانەوە پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا بیانوویەک دەداتە حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتن بدزێتەوە.
قائید میرۆ




