عەمید محەمەد: شوفێرانی تەکسی مەرجە مۆڵەتی گشتییان هەبێت

هەولێر-KDP.info- لە هەرێمی کوردستان و تەواوی شارەکان چەند شێواز و ڕێنماییەک بۆ شوفێرانی تەکسی و ئۆتۆمبێلەکانیان دەرکرا، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندی و ڕاگەیاندنیش لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێم دەڵێت، هەر شوفێرێکی تەکسی مۆڵەتی لێخوڕینی تایبەت بێت، پێویستە سەردانی بەشی مۆڵەت بکات و بیکات بە گشتی.
عەمید محەمەد ڕوشدی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شوفێرانی تەکسی لە هەر پارێزگایەکی وەک دهۆک، سلێمانی، هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی خۆی دەکات، کە لەم سیستمە نوێیەدا سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە دەکات و فۆڕمێک وەردەگرێت، کە تێیدا ئاماژە بە سێ شوێن کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ بەشی مۆڵەت و ئاسایش و بەڵگەی تاوان، لە پاشان سەردانی مۆڵەت دەکات بۆ وەرگرتنی فۆڕمی بایۆمەتریی تەکسی، کە فەرمانبەران تا پلەی حەوتیش دەتوانن تەکسییان هەبێ و کاری پێبکەن، بەڵام کارمەندانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ ناتوانن کاری تەکسی بکەن تاوەکو خانەنشین نەبن، ئەو کاتە بۆیان هەیە، بەڵام ئەو شوفێرانەی پلە یەکی شەهیدان و ئەنفالیان هەیە یاخود چاودێری و کۆمەڵایەتی دەتوانن و بەخشراون بۆ کاری تەکسی".
ڕوشدی دەشڵێت: "بۆ ئەوانەی مۆڵەتی تایبەتیان هەیە و تا ئێستا تەکسی لێدەخوڕن، نایاساییە، بۆیە پێویستە مۆڵەتەکەیان ساڵێک یاخود دوو ساڵ بەسەر چووبێ جا دەتوانن سەردانی بەشی مۆڵەتپێدان بکەن و ڕێگەپێدراوەکەیان بکەن بە گشتی و، ئەو کاتە دەتوانن بە تەکسی کار بکەن، کە تەمەنی ئەو شوفیرانەی مۆڵەتی گشتی دەردەهێنن، مەرجە لە ٢٠ ساڵ کەمتر نەبێ."
فایزە کۆیی




