هەنگاوەکانی دامەزراندنی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان دەست پێ دەکات

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، هەنگاوە کردارییەکانی دامەزراندن بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بۆ 11 هەزار دەرچووی کشتوکاڵی لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ دەکات.
هیوا عەلی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو خول بۆ ئەو کەسانە دەست پێ بکات، کە فۆرمیان پڕ کردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان و دەرچووی بەشە کشتوکاڵییەکانن، بۆ ئەوەی دامەزرێن وەکوو سەرپەرشتی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 11 هەزار دەرچوو فۆرمیان پڕ کردووەتەوە و هەموویان بەشداریی خولەکە دەکەن هەر کەسێک لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی شارەکە دەتوانیت زانیاری لەبارەی شوێن و کاتی خولەکەوە وەربگرێت و بەشداریی تێدا بکات و ماوەی خولەکەش هەفتەیەکە.''
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ''خولەکان نمرەیان لەسەرە و تێیدا دیاری دەکرێت کە ئەوانەی شارەزاییان هەیە سەرپەرشتیی پڕۆژەکان بکەن و ڕەنگە ئەو 11 هەزار کەسە ژمارەیان کەم بێتەوە بۆ پێنج یاخود نۆ هەزار دەرچوو و ئەوانەی دیکە ناویان دەمێنێت و هەر کاتێک پڕۆژەی پێویست هەبوو ئەوانیش وەکوو سەرپەرشتیار دیاری دەکرێن، بۆیە لەمەودوا خاوەن پڕۆژەکان پێویستە لە ڕێگەی وەزارەتەوە خەڵک دامەزرێنن.''
بڵند ئیبراهیم




