ماجد شنگالی: ھیچ کەسێک ناتوانێت کەمپی ئاوارەکان دابخات
__2023_01_04_h15m45s22__ER.jpg)
شنگال -KDP.info- حکوومەتی عێراق بڕیاری داخستنی ھەموو کەمپی ئاوارەکانی دەرکردووە لە ماوەی شەش مانگدا. نوێنەرێکی کوردانی ئێزدییش دەڵێت، تا ڕێگەی بەدیل نەدۆزرێتەوە ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت کەمپی ئاوارەکان دابخات و بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت.
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتی نوێی فیدڕاڵە و ھەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیری کۆچ و کۆچبەران بڕیاری داوە لە ماوەی شەش مانگدا کەمپی ئاوارەکان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام ئاشکرایە ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بەو ئاسانییە کەمپەکان دابخات.''
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "ئێمە چەندین کەمپی ئاوارەی کوردانی ئێزدیمان لە دھۆک و چوار کەمپی ئاوارەی برا عەرەبەکانمان لە ھەولێر ھەیە، خەڵکی ئاوارەی نێو کەمپەکان ئامادەی گەڕانەوە نین، چونکە پێویستە پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان ڕەوشی ناوچەکانیان ئاسایی بکرێتەوە و بەبێ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچەکانیان ئاوارە ئامادەی گەڕانەوە نین و ئەو بڕیارەش جێبەجێ ناکرێت.''
ماجد شنگالی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "کێشەی ئاوارەکان تەنیا ئیداری نییە و کێشەی سیاسیشی لەگەلدایە، چونکە جگە لەوەی خەڵکی ئاوارە پێویستیان بە شوێنی نیشتەجێبوونە، پێویستە لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە کار بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچەکانیان بکرێت، بۆ نموونە ئاوارە ئێزدییەکان چۆن دەگەڕێنەوە ئەگەر ئەو ھەموو ھێزە لە شنگال بێت و ڕەوشی ئەمنی ئاڵۆز بێت، لەبەر ئەوەیش پێم وایە بڕیارەکە سەر ناگرێت و کەس ناتوانێت بەزۆر ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە.''
قائید میرۆ




