بەرپرسی تازەی لقی پێنجی پارتی: کار بۆ بەهێزکردنی ڕێکخستنەکانی پارتی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەین

بەغدا -KDP.info- لە ماوەی ڕابردوودا دکتۆرە ئەشواق جاف وەکوو یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کرا لە بەغدا، هاوکات وەکوو بەرپرسی لقی پێنجی بەغداش دیاری کرا.
لەو بارەیەوە دکتۆرە ئەشواق جاف گوتی: ''لەو ئەرکەدا کە بە ئێمە سپێردراوە کار دەکەین بۆ ئەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەهێزتر بکەین و پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ حزب و لایەنەکان بەهێزتر بکەین.''
دکتۆرە ئەشواق جاف، بەرپرسی تازەی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕاستە جگە لەوەی وەکوو یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کراوم بە شێوەیەکی فەرمی، هاوکات وەکوو بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە بەغدا دیاری کراوم.''
جاف باسی لەوەش کرد: ''لەو ئەرکەی بە ئێمە سپێردراوە لە بەغدا کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی ڕێکخستنەکانی پارتی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و بە حوکمی ئەوەی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتیشم لە بەغدا کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئەوە ئەرکی ئێمە دەبێت هەم وەکوو مەکتەبی ڕێکخستن و هەم وەکوو لقی پێنجی پارتی لە بەغدا.''
بڵند ئیبراهیم




