٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارە بەپێی چەند پێوەرێک پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی چەند پێوەرێک پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە و زانینی وردەکارییەکان لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژە کۆ دەبینەوە.

دکتۆر ئەرشەد تەها، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە کە بەپێی چەند پێوەرێک دەبێت، بەڵام تا ئێستا باسی وردەکاریی پێوەرەکان نەکراوە و ئێمەش بۆ زانینی وردەکارییەکان و چۆنیەتیی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بڕیارە لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژە کۆ بینەوە.''

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''داواکاریمان پێشکەش کردووە و چاوەڕێ دەکەین ئەنجومەنی ڕاژە وادەیەک دیاری بکات بۆ ئەوەی پێکەوە کۆ بینەوە و باسی وردەکارییەکان بکرێت کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە.''

دکتۆر ئەرشەد تەها ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو پێوەرانەی لە هەندێک میدیا باس دەکرێن ڕاست نین، چونکە ئەنجومەنی وەزیرانیش باسی وردەکاری و پێوەرەکانی نەکردووە، بۆیە کە کۆ بووینەوە ئەوکات وردەکارییەکان دیار دەبن و کەی پلەبەرزکردنەوە دەست پێ دەکاتەوە.''

تەها باسی لەوەش کرد: ''بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بودجەی خۆی ئامادە بکات بۆ ئەمساڵ و لەناو بودجە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران جێگیر بکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار