٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەعدى پیرە : وەفدی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانى-KDP.info- سەعدی پیرە، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتی رایگەیاند: "لە ماوەیەکى نزیکدا وەفدى باڵاى ئێمە و پارتى کۆدەبێتەوە، کە تەواوى کێشەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و چارەسەری پێویستیان بۆ دەدۆزرێتەوە".

سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "لە ماوەیەکى نزیکدا وەفدى باڵاى یەکێتى و پارتى کۆدەبنەوە، زەمینەسازییش بۆ کۆبوونەوەکە دەستى پێکردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنى کێشەکان و پڕکردنەوەى ئەو گۆڕانکاریانەى هەردوو تیمى وەزاریى پارتى و یەکێتى کردوویانە لە ڕێگاى کۆبوونەوەیەکى نائاسایى پەرلەمانى کوردستان لە ڕۆژانى داهاتوودا".

پیرە گوتى: "پارتى و یەکێتى لە بابەتى گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە خاڵەکانى دیالۆگى نیشتیمانى و بوودجە و پێوەندى لەگەڵ دەوڵەتانى ئیقلیمى و دارایى و ئاسایش و گرفتى پارێزگاکان لە کاتى کۆبوونەوەی وەفدى باڵاى هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت".

ناوبراو زیاتر ڕوونی کردەوە: "گرژییەکانى نێوان پارتى و یەکێتی خاو بوونەتەوە و شەڕى میدیایى فەرمى و سێبەری هەردوو حزب ڕاوەستاوە، لە ئێستاشدا هەموو لایەنەکان هاندەرن بۆ سەرخستنى پڕۆسەى گفتوگۆى هەردوو حزب".

ئاماژەى بەوەش کرد: "دیدى ئێمە بۆ چارەسەرکردنى بابەتەکان کێشەى هاووڵاتییە لە هەرێمى کوردستان، بەگژداهاتنەوەیە لەسەر کوردستان، پێوەندى لەگەڵ دەوروبەر، پێوەندى لەگەڵ حزبەکانى ترى کوردى لە پارچەکان، پێوەندى لەگەڵ بەغدا و سیاسەتى ئیقلیمیى کوردستان، کە پێویستە لە چوارچێوەى گشتیدا لێک نزیک بین و دەبێت هەندێ شتمان لێک بچێ، ئەگینا چۆن دەتوانین باسى هەرێمێکى یەکگرتوو بکەین".

ئەندامەکەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى گوتیشى: "ئێمە و پارتى لەسەر گۆڕانکارییەکانى ناو تیمى وەزارییەکانمان لە حکوومەت ڕێککەوتووین و لە دانیشتنێکى پەرلەماندا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت".

پیرە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: "ئەو بابەتانەى باسم کردن جێبەجێ بوون و قوباد تاڵەبانى دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزیران، کاک قوباد لایەنگرى ڕێککەوتنە، کاتێک ئێمە لە چوارچێوەى حکوومەتێکدا کار دەکەین، پێویستە هەڵوێست و سیاسەتمان لێک نزیک بن".

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار