سێ ھەزار فەرمانبەری کۆمسیۆن دادەمەزرێن

دهۆک -KDP.info- دوای بڕیاری بەھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی کۆمسیۆن، بەرپرسێکی کۆمسیۆن لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە سێ ھەزار گرێبەستی دیکە دابمەزرێن و نیوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.
خالید دۆسکی، بەڕێوەبەری ئوفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ٢٧٣ فەرمانبەری گرێبەست لە پارێزگای دھۆک کراون بە ھەمیشەیی و ھەموو فەرمانبەرە گرێبەستەکانی کۆمسیۆن لە دھۆک مەرجی ھەمیشەییبوون دەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی خزمەتیان لە دوو ساڵ زیاترە، ئەمەیش کاریگەریی لەسەر کارکردنی ئەو فەرمانبەرانەی کۆمسیۆن دەبێت و مووچەیان دەبێتە دووبەرانبەر.
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەشڵێت: "سێ ھەزار فەرمانبەری دیکەی گرێبەستی کاتی ھەن لە عێراق ئەوانە تەنیا بۆ کاتی ھەڵبژاردنەکان گرێبەستیان بۆ کراوە و داوای دامەزراندن دەکەن بە شێوەی گرێبەست.''
خالید دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە سبەی ڕۆژی سێشەممە بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەو سێ ھەزار فەرمانبەرەی کۆمسیۆن دەربچێت و ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوانیش دەبنە گرێبەست و لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە، لەبەر ئەوەی نیوەی ئەو فەرمانبەرە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و ژمارەی فەرمانبەرانی ئێمە زیاد دەبێت و خەڵکی ئێمە سوودمەند دەبێت.''
قائید میرۆ




