مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەکرێتەوە

بەغدا -KDP.info- جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا گوتی، ئامادەکارییەکان بەردەوامن و هەنگاوی کرداریش نراوە بۆ ئەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بکرێتەوە، کە لە ماوەیەکی نزیکدا و لە سەرەتای ئەمساڵدا دەکرێتەوە .
جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، دکتۆرە ئەشواق جاف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەنگاوەکانی کردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بەردەوامن و هەرکاتێک کارەکان تەواو بن ئەوکات لە ڕێوڕەسێمکی شایستەدا بارەگاکە دەکرێتەوە و دەست بەکار دەکرێت.''
دکتۆرە ئەشواق جاف گوتیشی: ''لە ماوەیەکی نزیکدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەکرێتەوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەبێت و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن دکتۆر فوئاد حوسێنە و جێگرەکەیشی من دانراوم.''
جاف ڕوونیشی کردەوە: ''مەبەست لە کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بۆ ئەوەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسییەکان باشتر بکەین و سەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی پارتییە لە بەغدا و هەڵسەنگاندنی کارەکانی حیزب لە بەغدا.''
گوتیشی: ''ئێستا لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا کە هەیە ئیش و کارەکانی خۆی دەکات و بەردەوامیشە و چالاکیشیان هەیە، بۆیە کارەکان نەوەستاون و ئەوان لە کاری خۆیان بەردەوامن.''
بڵند ئیبراهیم




