٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە هەولێر 200 پڕۆژە جێبەجێ کراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- جێگری پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، ساڵی ڕابردوو هیچ ناوچەیەک لە سنووری هەولێر نەماوە کە پڕۆژەی لێ جێبەجێ نەکرێت و زیاتر لە 200 پڕۆژەمان ئەنجام داوە لە هەموو قەزا و ناحیە و گوندەکانیش.

جێگری پارێزگاری هەولێر، مەسعود محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە سنووری پارێزگای هەولێر لە هەموو قەزا و ناحیەکان و گوندەکانیش بودجە تەرخان کراوە و پڕۆژەی لێ ئەنجام دراوە و بەتایبەت پڕۆژەی ڕێگاوبان زیاتر جێبەجێ کراون، بۆیە ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی زۆر لە سنووری هەولێر جێبەجێ کراون لە هەموو سێکتەرەکان، وەکوو ئاو و کارەبا و پەروەردە و ڕێگاوبان و زۆرینەی پڕۆژەکان دراونەتە بەڵێندەر و بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکیشیان بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت.''

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ''بەپێی پلانی دانرا، پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێن و ئەمساڵ زیاتر لە130 پڕۆژە جێبەجێ کراون، جگە لەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێن کە ئەویش زیاتر لە 50 پڕۆژە دەبێت، بۆیە سەرجەم پڕۆژەکانی سنووری هەولێر دەگاتە 200 پڕۆژە کە لەمساڵدا لە هەولێر جێبەجێ کراون.''

گوتیشی: ''پڕۆژەکان جۆراوجۆرن و پڕۆژەی بچووک و گەورەشی تێدایە و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە 63 ملیار دینار بودجەمان بۆ تەرخان کراوە.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار