٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نزیکەی هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مەسیحییەکان دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژخایەن بۆ مەسیحییەکانی عەنکاوە دروست دەکرێن.

دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مەسیحییە کرێنشین و کەمدەرامەتەکان لە عەنکاوە دروست دەکرێن، کە بە پێشەکییەکی کەم و قیستی درێژخایەن دەبێت و ئەو یەکانەش جیان لەوانەی کە بۆ کرێنشینان دروست دەکرێن، کە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونن.

شوکری گوتیشی: شوقەکان سێ جۆرن و لەسەر ڕووبەری زەویی جیا دروست دەکرێن، کە 80 مەتری و 100 مەتری و 120 مەترین و پێشەکییەکانیشیان جیاوازن، کە ئەوانەی 80 مەترین پێشەکییان 4 هەزار دۆلارە و ئەوانەی 100 مەترین پێشەکییان 5 هەزار دۆلارە و ئەوانەی 120 مەترین پێشەکییان 6 هەزار دۆلارە، ئەوەی دەشمێنێتەوە بە قیستی 15 ساڵ دەدرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جیا لەو هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن.

 

بڵند ئیبراهیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار