٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ نەبی بۆ KDP: ئەو رێکارانە تەواو بن نرخی دۆلار دادەبەزێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هۆکاری گرانبوونی نرخی دۆلار، بۆ بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتان دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەمەریکا فشار لە عێراق دەکات رێگری لەو کارە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی بڕیاری داوە کۆمەڵێک رێکار بگرێتە بەر، کە تەواو بن نرخی دۆلار دادەبەزێت و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران.

دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لەبارەی پرسی گرانبوونی دۆلار بڕیارە رێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا بکرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت رێگری لە بردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات بکرێت، چونکە گرانبوونی دۆلار پەیوەستە بە بردنی دۆلار بۆ دەرەوە، لەبەر ئەوەی ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی زۆرینەی دۆلاری عێراق بۆ دەرەوە دەبردرێت، بۆیە ئەمەریکا فشاری زۆری لە حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی کردووە، کە پێویستە رێکاری نوێ بگرنە بەر بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەبردنەدەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتان، بۆیە بانکی ناوەندی دەست بە رێکارەکان دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە بردنی دۆلار بۆ دەرەوە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی ئەمەریکا کراون.

نەبی گوتیشی، بانکی ناوەندی کۆمەڵێک بڕیاری داوە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بۆ دۆخی جاران بگەڕێتەوە و تا رێکارەکانیش جێبەجێ نەکرێن، نرخەکە بەو شێوەیە دەبێت، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا نرخەکەی دادەبەزێت و دەگەڕێتەوە دۆخی جاران.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، بانکی ناوەندی دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکارەکان، وەکو دۆلار ڕاستەوخۆ لە رێگەی بانکەکان دەداتە بازرگانان و خەڵکی پێویستی بە دۆلار هەیە و سەکۆیەکی ئەلکترۆنیش بکاتەوە و لەو رێگەیەوە دۆلار مامەڵەی پێوە بکرێت، کە بەو شێوەیە پێویستە هەموو بەڵگەنامەکانت بۆ کڕینی دۆلار ئەسڵی بن نەک ساختە، کە ئێستا بە بەڵگەنامەی ساختە ئەو کارە دەکەن، بۆ نموونە کەسێک کە داوای 10 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ ئەوەی کەلوپەل هاوردە بکات، بایی 2 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هاوردە دەکات ئەوەی دیکەش بە نرخێکی بەرز هەناردەی دەرەوە دەکرێت دۆلارەکە، جگە لەوەش لەجیاتی ئەوەی لە رێگەی گواستنەوەی دۆلار کە دەرفەتی هەناردەکردنی دۆلار بۆ دەرەوە و سپیکردنەوەی زۆرە، دەیانەوێت سیستمێک دابنێن بە ناوی (ئێڵ سی) کە بەو شێوەیە ناتواندرێت پارە هەناردەی دەرەوە بکرێ و ساختەکاری بکرێت، چونکە دەرفەتی ساختەکردن بۆ 1% کەم دەکاتەوە و زۆر کەمە، بۆیە ئەو رێکارانە تەواو بن نرخی دۆلار دادەبەزێت و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار