٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەبارەی هەناردەی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 672 ملیۆن دۆلار

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر زاری نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: "قەبارەی هەناردەكردن لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 672 ملیۆن و 767 هەزار دۆلار و قەبارەی هاوردەش 15 ملیار و 403 ملیۆن دۆلار بووە".

ڕایشیگەیاند: "لە ساڵی 2022 وەزارەتی ناوبراو پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردنی شتومەك و 168 مۆڵەتی هەناردەی بۆ كاڵای جۆراوجۆری كشتوكاڵی و پیشەسازی داوە. یەكێك لەو كاڵایانەی هاوردە كراوە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، هێنانی ئۆتۆمبێلە؛ لە ساڵی ڕابردوودا 105 هەزار و 126 ئۆتۆمبێل هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان كراون.''

ئەو كاڵا سەرەكییانەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 هەناردەی كردوون بریتین لە: كانزا، هەنار، دۆشاوی تەماتە، تەحین، سماق، دۆشاوی جۆراوجۆر، جووجەڵە و یەدەگی ئۆتۆمبێلی تێكشكاو.

جگە لە پرسی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، چاودێریكردنی بازرگانیی ناوخۆ یەكێك بووە لە كارەكانی بەڕیوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی.

ماردین ئەبوبەكر حوسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "لە میانی چاودێرییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ساڵی 2022دا، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك و تەندروستیی هاووڵاتییان، 448 هەزار كیلۆ كاڵای ماوەبەسەرچوو لەناو براون. هەروەها هەزار و 809 سەرپێچیی بازرگانی هەبوونە، ئەوەش 281 داخستن و سزای دارایی 329 ملیۆن و 322 هەزار دیناری لێ كەوتووەتەوە.''

یەكێك لە ستراتیژییە ئابوورییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردنەوەی ڕێژەی هەناردە و بەرزركردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگیپێدانی بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی بەردەوام دەبێت.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار