٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە یادی گەڕانەوەی بارزانی نەمرو هێنانەوەی تەرمی نەمران دوو گەڕانەوەی مێژوویی. دوو وێستگەی پڕ سەروەری و رەهەندی نەتەوەیی

سەرچاوە: KDP.info

پێشمەرگەی دێرین: (ڕەشید یاسین مێرۆزی): بارزانیی نەمر رابەرێك بوو زۆر میهربان و كوردپەروەر خۆی بە پێشمەرگەی ئەم كوردستانە دەزانی و پێشمەرگەكان زۆریان خۆش دەویست، بۆیە سەركەوتنی بۆ هەموو كورد مسۆگەر كردبوو

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

 6/10/1958 یادی گەڕانەوەی سەربەرزانەی رابەری كورد بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت بۆ كوردستان، هەروەها 6/10/1993 تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ هێنرانەوە خاكی پیرۆزی كوردستان و لە گوندی بارزان مەڵبەندی بەرخودانی كوردایەتی و شۆڕش بەخاكی پیرۆزی كوردستان سپێردران، لەم دوو یادەدا بە پێوستمانزانی دیمانەیەك لەگەڵ پێشمەرگەی دێرین (ڕەشید یاسین ڕەش ) سازبدەین. ناوبراو كوڕی شەهیدی فەرماندە (یاسین ڕەش مێرۆزی) كە یەكێك لە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بووە بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران و وەكو فەرماندەو پێشمەرگەیەكی قارەمان بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كردووەو رۆڵێكی قارەمانانەی هەبووە لە كاروانی خەبات لە پێناو رزگاریی كوردستان و لە 2/4/1962 لە داستانی گەلی سپی دەگاتە كاروانی نەمران. (ڕەشید یاسین)یش دوای شەهادەتی باوكی سەرباری ئەوەی لە گوزەرانێكی سەختدا ژیاوە، بەڵام هەربەردەوام بووە لە تێكۆشان و بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی لە دەڤەری بادینان كردوەو رۆڵی جوامێرانەی گێڕاوە، دوای نسكۆی شۆڕش ئاوارەی ئێران دەبێت و بەشداری شۆڕشی گوڵان دەكات، لە ژیانی پێشمەرگایەتی 4 جار بریندار بووە بە تایبەتی لە شەڕی ئالۆتان كە زۆر بە سەختی بریندار بووە، هەروها بەشداری داستانی خواكوڕك و راپەرینی بەهاری 1991 ی كردووە، پاش راپەڕین و دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستانی ئازاد چەندین پلەی عەسكەری وەرگرتووە، ناوبراو كەسایەتی و پێشمەرگەیەكی هەردەم نزیكی ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بووە، ئێستا هەرچەندە جەستەی ئاسەواری برینداریەكانی سەردەمی خەباتی شاخی پێوەیەو گیانی پڕە لە ساچمە و ماوەیەكە نەخۆشە، بەڵام هێشتا ورەو روحیەتی شۆڕشگێری و پێشمەرگایەتی لە هزرو چاوەكانیدا پرشنگدەدا، ئەم قارەمانە چەندین یادگاری كە لە لایەن بارزانیی نەمر پێیدرابوو وەكو چاوی خۆی پاراستوونی، ئێمەش ئەم بۆنەیەمان بە دەرفەت زانی تا ئەم تێكۆشەرە بەسەر بكەینەوەو بۆ ئەم مەبەستە لە ماڵی خۆی پێشوازی لێ كردین.

·           پێشمەرگەی تێكۆشەرو ماندوو نەناس (ڕەشید یاسین ڕەش) لە ساڵی 1947 لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە گوندی مێرۆزی سەر بە دەڤەری بارزان لە دایكبووە، لە تەمەنی یەك مانگی بووە كە باوكی شۆڕشگێری دوای تیكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد كە بارزانیی نەمرو هەڤاڵانی رێگای سەختیان هەڵبژاردو لە رێڕەوە مێژووییەكەی لە كوردستان كە دەهێننە مێرۆز سەر بە دەڤەری بارزان ئەویش دەگاتە ئەو كاروانە بۆ خەباتی كوردایەتی، كە كوڕی تەمەنی یەك مانگی لەگەڵ 2 كچی منداڵی بەتەنها دەبن، ناوبراو لەسەرەتادا بەمشێوەیە باسی ژیانی خۆی بۆ كردین:

 ئەو كات من تەمەنم یەك مانگ بووە كاتێك باوكم بوە بە پێشمەرگە لەگەڵ رابەری كورد بارزانیی نەمرو چونەتە رۆژهەڵاتی كوردستان و دواتر لە رێڕەوە مێژووییەكەی پەڕینەوە لە ئاراس هەر لەگەلچیدا بوەو چونە سۆڤیەت، هەر لەو دەمانەدا دایكم كۆچی دوایی كردو من 2 مانگ لەگەڵ هەردوو خوشكم لای ئامۆزای باوكم (فارس مێرۆزی) بووین، كە ژیانێكی زۆر ناخۆش بوو، من (فارس)ی مامم بە باوكی خۆم بانگ دەكردو نەمدەزانی كە باوكم كێیە؟ گەیشتمە تەمەنی 10 ساڵی مامیشم كۆچی دوایی كردو ئیدی لەگەڵ خێزانی ماممان كە بەدایكم بانگمان دەكرد ژیانمان بردە سەرو ئەو 12 ساڵە ژیانمان لە دەڤەری بارزان زۆر سەخت بوو.

·            دوای گەڕانەوەی سەربەرزانەی بارزانیی نەمر بۆ كوردستان ئەو كات زانیت باوكی خۆت هەیەو یەكێك لە هەڤاڵانی ئەو رابەرە مەزنەیە، كە ئەوەت زانی هەڵوێستت چی بوو، لە وەڵامدا مام ڕەشید یاسین بە هەستێكی غەمگینەوە وتی:

 ئەوە بۆ من خەیاڵ بوو كە رۆژێك بێت بزانم بابم هەیە، مامە فارسم منی گەورە كردەبوو وەك كوڕی خۆی، بۆیە ئەو هەواڵە بۆ من زۆر سەیر بوو؟ باش لە یادمە تەمەنم 11 ساڵ پتر بوو، كە رابەری بزوتنەوەی ئازادی كوردستان بارزانیی نەمر لە سۆڤیەتی جاران گەڕابووەوە خەڵكی دەڤەری ئێمەش چووبوونە پێشوازی لە 6/10/1958 كە زۆربەی خەڵكی ئێراق و كوردستان بە هەموو چین و توێژێك و بە كوردو عەرەب و موسڵمان و ئاشووری و توركمان و كلدان و مەسیحی و ئێزیدی و هتد پێشوازییان لێكرد. ئەو رۆژە رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ میللەتی كوردستان كە رابەریان بە سەلامەتی و سەربەرزی گەڕایەوەو پێی سەرفراز بوون، دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر بۆ دەڤەری بارزان ئەوە بوو كە خاڵم خوالێخۆشبوو جبرائیل مێرۆزی و چەند لە خزم و كەسمان و خەڵكی دەڤەرەكەمان چوونە پێشوازی و بە خێرهاتنیان كردو هەواڵی هەڤاڵەكانیان پرسی، كە چ دەكەن و كێ لە ژیان ماوەو كێ وەفاتی كردووە؟ بارزانیی نەمر بە خاڵمی راگەیاندبوو بەڵی ماون و وێنەیەكی باوكیشمیان دابووە دەستی خاڵم، پاشان هاتەوە لێردەا بوو كە خاڵم وێنەی باوكی پێشانم داو بە منی گوت: ئەوە باوكتە!!!! من پێم گوت: بۆ باوكی من كۆچی دوایی نەكردووە؟؟!!!! دوایی هەموو بەسەرهاتی بۆم گێڕایەوەو منیش بە خاڵم گوت، پاش 11 ساڵ چوون بە من دەڵی باوكم ماوە ئەو چ بەسەرهاتێكە؟ دوایی بۆ من بووە پرسیارو خولیا ئاخۆ بەراستی باوكم لە ژیان ماوە، دەبێ رۆژێك لە رۆژان بیبینم؟؟ پاشان خاڵم گوتی: لە تەمەنی 1 مانگی بووی كە باوكت لەگەڵ هەڤاڵانی بارزانیی نەمر رێگای مان و نەمانیان هەڵبژاردووە و ئەویش شۆڕشگێر بووە، تاكو گەڕانەوەی هەڤاڵانی بارزانیی نەمر لە ساڵی 1959 بۆ كوردستان كە ئەوانیش بەسەربەرزی گەڕانەوە. من ئاوت و خۆزگەم ئەوە بوو كە باوكم ببینم. رۆژی 18/4/1959 كە چووینە شەقڵاوە بۆ پێشوازی هەڤاڵانی بارزانیی نەمرو بە تاسەوە لە چاوەڕوانی دیتنی باوكم بووم، بەڵام ئەو نەهاتبوو لە هەولێر مابوەوە، ئیتر نازانم ئەو شەوەم چۆن گوزەراند، تا رۆژی 19/4/1959 ئەوە بوو چوومە هوتێل سیروان لە هەولێر هەرچەندە خاڵم بە منی گوت، خۆت قسە نەكەی، كە گەیشتین دیار بوو باوكم لەبەر دەرگاكە لەگەڵ هاوڕێ عومەر سەفتی بوو پێكەوە قسەیان دەكردو دەیانوت، ئاخۆ دەبێ كەسوكاریان ساغ بن. باوكم بە ئەوی دەگوت، نازانم لەوانەیە شتێكیان بەسەر هاتبێت. ئەمجا خاڵم سەلامی لێ كردن و منیش سەیرم دەكردن تاكو خاڵم بە باوكمی گوت: ئەو كوڕە كێیە؟ بۆچی هاتووەتە ئێرە هەندێك پارەی پێ بدە، باوەڕ بكەن باوكم هەر كە سەیری منی كرد گوتی: ئەوە كوڕی منە. لە دوای 12 ساڵ چۆن من دەناسێتەوە؟!!! ئیتر بە گریان چوومە لای باوكی خۆم و لە گریانی خۆشیەوە پێم گوت، بە راستی تۆ باوكی منی؟ ئەو 12 ساڵ چۆن منت بەجێهشت.. بەمشێوەیە دوای 11 ساڵم زانیم كە باوكم هەیەو بە باوكم گوت، خاڵم چیرۆكی كوردایەتی تۆی بۆ من گێڕاوەتەوە پیرۆزە كە لەگەڵ رابەری بزوتنەوەی كوردایەتی بارزانیی نەمر خەبات دەكەی. ئەو رۆژە بۆ من خۆشترین رۆژی ژیان بوو. نابێ چاكەی مامی خوالێخۆشبووم و خاڵی قارەمانم و كەسوكاری ئەوان لە یاد بكەم كە ئێمەیان بەخێوكردووە.

·           ئێوە بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوون ؟

 بەڵێ. دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی ئەوە بوو هەرجێگایەك باوكم لەوێ بوو من لە گەڵیدا بووم دوای ماوەیەك بە هۆی گوێنەدانی شۆڤێنیستان بە مافەكانی كورد، شۆڕش سەریهەڵدایەوە بۆ ئەوەی كوردستان لەبن زوڵم و زۆرداری رزگار بكرێت، بۆیە باوكم وەكو شۆڕشگێرێك خەباتی كرد بۆ رێبازی بارزانیی نەمر، من تەمەنم 14 ساڵ بوو كە لە لەگەڵ باوكم لە شۆڕشدا بوومە و لە هەر شێوێنك و هەرداستانێكدا بووبێ منیش هەر لەگەڵ باوكم هاوسەنگەر بووم و من خزمەتی پێشمەرگەكانم دەكرد لە رووی خواردن و پێداویستەكان و هەرچەندە لە سەرەتای لاویەتی بووم بەڵام كە بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانم دەدیت كە بەو هەست و گیانە بەرزەوە خەباتیان دەكرد ئاواتم بوو ببمە پێشمەرگە و زۆر جار لەگەڵ باوكم دەچوومە لای رابەری كورد بارزانیی نەمر كە فەرمان و ئامۆژگارییەكان و راسپاردەكانی دەدایە باوكم بۆ شۆڕش و پەیوەندی جەماوەر بە شۆڕش، بۆیە رۆژێك بارزانیی نەمر بە باوكی من گوت: ئەو لاوە كێیە؟ گوتی كوڕی منە. پاشان گوتی: تەمەن درێژ بێت و، بە منی گوت: تۆ نابێ لێرە بی دەبێ بگەڕێیەوە. گوتم: من خزمەتی ئێوە دەكەم راستە لاوم بەڵام دەمەوێت خزمەتی پێشمەرگە بكەم. ئەوە بوو گەیشتمە ئارەزووی خۆم و بووم بە پێشمەرگە. بارزانیی نەمر رابەرێك بوو زۆر میهربان و كوردپەروەر خۆی بە پێشمەرگەی ئەم كوردستانە دەزانی و پێشمەرگەكان زۆریان خۆش دەویست، بۆیە سەركەوتنی بۆ هەموو كورد مسۆگەر كردبوو، بۆیە لە شۆڕشی ئەیلوول جەماوەر رۆژ بە رۆژ دەهاتنە ژێر سایەی سەركردایەتی رابەریان بارزانیی نەمرو پەیمانیان بە شۆڕشەكەیان دا بە هەموو شێوازێك خەبات بكەن لە پێناو كوردستانێكی ئازاد.

·           لەبارەی شەهیدبوونی باوكیەوە مام (ڕەشید یاسین) گوتی:

لە ساڵی 1962 لە داستانی گەلی سپی لە دەڤەری بادینان باوكی قارەمانم (یاسین ڕەش مێرۆزی) بە سەختی بریندار دەبێت و لە كاتی برینداریەكەی بە منی گوت: تۆ دەبێ بەردەوام بی لە كوردایەتی و رێبازی بارزانی كە رێگای راست و دروستی هەڵبژاردوو و من پێشترم بە تۆم گوتووە كە لەم رێگایەدا مرۆڤ شەهید دەبێت یان بریندار دەبێت یان ئەسیردەبێـت ئەگەر منیش چووم تۆ دەبی بەردەوام بی لە خەبات بۆ رزگاری كوردستان كە رۆژێك دێت بە چاوی خۆت دەیبینی. دوای ماوەی 18 رۆژ لە بەر سەختی برینەكەی گیانی خۆی فیدا دەكات و گەیشتە كاروانی سەروەران. باوكم مرۆڤیكی خەباتكار بوو كە لە قوتابخانەی بارزانیی نەمر پێگەیشتبوو. چەند بڵێم چاونەترس بوو دەتوانن پرسیار لە هاوسەنگەرانی بكەن كە چەند سادە بوو هیچ كاتێك حەزی لە پلەو بەرپرسیارەتی نەبوو. تێكەڵاوی خەڵك بوو و هەموو كاتێك خەڵكی هاندەدا كە پەیوەندی بە شۆڕش بكەن، كەسێكی رۆشنبیرو كۆمەڵایەتی بوو و هەموو كاتێك لە كردارو رەفتاریدا وەك پێشمەرگەیەك دەبینرا، بۆیە باوكم منی فێرە ئەو رێبازە كردووە و هەر لە ساڵی 1964 بوومە پێشمەرگە، دوای خزمەتكردن بە پێشمەرگە لە دەڤەری بادینان لەگەڵ شەهیدی فەرماندە ئەسعەد خۆشەوی سێلكی بووم هەتا نسكۆی شۆڕش بەشداریم كرد وەك باوكم بەردەوام بووم لەسەر ئەم رێبازە پڕ لە شكۆمەندی و سەربەرزیە.

·           وەك پێشمەرگەیەكی دێرین مام (ڕەشید یاسین مێرۆزی) چ هەستێكی بەرامبەر ئەو بارزانی رابەرو سیمبولی نەتەوەكەمان هەیە؟

سەروەری و خەبات و سیفەتەكانی بارزانیی نەمر بە سەدان لاپەڕە ناتوانین باسی بكەین، مرۆڤێكی كوردپەوەر و فیداكارو كەسێك كە تەنها بیری كوردایەتی لا هەبوو، دەیویست بە ئاشتی كێشەكانی میللەتەكەی چارەسەر بكات، ئامانجی تەنها ئەوە بوو كە كوردستان رزگاری بێت و میللەتی كورد بە ئازادی بژین و وەك گەلانی تر خاوەن ماف و ژیانی خۆیان بن. ئێستاش لە یادمە هەموو كاتێك لە پێش پێشمەرگەكانەوە بووە و دەچووە مەیدانی شەڕ بۆیە خەڵكی كوردستان رۆژانە لە هەموو ناوچەكان و پارچەكانی كوردستان خۆشیان دەویست و پاڵپشتی بوون، بارزانیی نەمر خۆشەویستی خاك و میللەتی بوو، هەموو كاتێك بە بێ جیاوازی لەگەڵ پێشمەرگە دەژیا، خەمخۆری بنەماڵەی شەهیدان و هەژاران و لێقەومان بوو، ئەو بەرپرسانەی خۆشدەویست كە خۆیان بە خزمەتكاری میللەتەكەیان دادەنا، هەموو كاتێك ئامۆژگاری ئێمەی پێشمەرگەكان و بەرپرسەكانی دەكرد كە هەموومان دەبێ خۆمان بە خزمەتكاری ئەو میللەتە بزانین و هەتا دەبێ شوێنی خۆمان لە ناو خەڵك بكەینەوە و تیكەڵیان بین. بۆیە رابەری كورد بارزانیی نەمر بە بنەماڵەكەیەوە گەورەترین رێگای كوردایەتیان هەڵبژاردووە بۆ ئازادی كوردستان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر گەورەترین سەركەوتنی بەدەستی دەهێنا بۆ گەلی كوردستان.

·           لە بارەی بیرەورییەكانی لە گەڵ شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی، مام (ڕەشید یاسین) گوتی:

 لە دوای نسكۆی شۆڕش كە ئاوارەیی ئێران بووین شەهیدی هەمیشە لە یاد كاك ئیدریس بارزانی پشت و پەنای ئاوارەكان بوو و گەورەترین هێزی مەعنەوەی بوو و هەمیشە هاوكاری خەڵكی دەكرد لە شۆڕشی گوڵانی دەورێكی یەكجار مەزنیان هەبوو بە خۆی و برای سەرۆك مسعود بارزانی بونە سیمبولی درێژەپێدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول. ئیدریس بارزانی مرۆڤێكی بەڕەحم بوو، هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵكدا بوو، لە ئاوارەیی لە ئێران هەموو جار سەردانی ئاوارەكانی دەكرد بە بۆچوونی من ئیدریس بارزانی كەسایەتی ناوداری كوردستان بوو سەركردەیەك بوو و مامۆستای ئاشتی و ئەندازیاری تەبایی بوو. هەمیشە لە ئاوارەیی بۆ ئێمەی پێشمەرگە و كادیرانی پارتی دەیفەرموو: دەبی خۆڕاگر بن نابێت بیر لە شكست بكەینەوە راستە زروفمان ناخۆشە و سەختە، بەڵام دەبێ تەحمولی برسیەتی و تینویەتی و كەمینەی دوژمنان بكەین و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستانە. ئیدریس بارزانی شارەزاییەكی تەواوی لە بواری عەسكەری و سیاسی و كۆمەڵایەتی هەبوو چەند بڵێی رۆشنبیر بوو و لەلای پێشمەرگە زۆر خۆشەویست بوو لە گەڵ برای جەنابی سەرۆك بارزانی هەردووكیان لە قوتابخانەی كوردایەتی بارزانی باوك و رابەر فێربوون بۆیە توانیان لە پاڵ بارزانیی نەمردا خزمەت بە كوردستان بكەن. جگە لە برا بوونیان دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەكتریش بوون، دوو هاوسەنگەرو دوو هێزی پڕ مەعنەویی بوون بۆ رێبازی كوردایەتی، كاك ئیدریس بارزانی هەمیشە پشتی سەرۆك مسعود بارزانی بووە و هیچ شت و كەسێ نەیتوانیوە كار لە برایەتی نێوانیان بكات. بۆیە ئەمرۆ ئاواتی ئەوان كە كوردستانێكی ئازاد بوو هاتە دیت لەبن ئاڵای كوردایەتی.

·           لە ماڵی ئەم تێكۆشەرە هەندێك یادگاریی رۆژانی خەبات هەبوو وەك دارجگەرە و قایش و فیشەكی پێشمەرگایەتی كە بە لایەوە شیرن بون، لەمبارەیەوە لێمان پرسی ئەوانە چی بە تۆ دەگەیەنێ؟

بە حەقیقەت ئەو دار جگەرەیە كاتی خۆی رابەری كورد بارزانیی نەمر پێشكەشی منی كردووە گەورەترین سەرمایەیە لای من، هەروها ئەو قایشە و ئەو فیشەكانە كە سەرۆك مسعود بارزانی بە منی بەخشیوە هەمووی لەلام بە نرخ پرش بەهان، ئەو رۆژانەم بە بیر دەهێنێتەوە كە چەندین جار چوومەتە لای بارزانیی نەمر، یادی نەبەردیەكان بە یاد دەهێنێتەوە، یادی تەمەنی لاویەتی خۆم لەگەڵ باوكم لە ساڵی 1961 كە لە گەڵیدا بووم لە ناو سەنگەرەكانی خەبات، یادی پێشمەرگە كە بە عەشقەوە خەباتی دەكردو شەهید و بریندار دەبوو، یادی سەرما و گەرما و تینیوتی و ماڵوێرانی و یادی ئەوەی چەندین جار بریندار بوومە، بۆیە ئەوانە هەمووی لای من گەورەترین سەروەرییە و نابێ ئەو رۆژانەی كە بۆ ئەمڕۆی بۆمان بە دەست هێنا لە یادی بكەین.

·           لە كۆتاییداو لە یادی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت و لەهەمان كاتیش یادی هێنانەوەی تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یادیش مام (رەشید یاسین) دەیەوێت چی بڵێت و پەیامی چیە؟

ئەمڕۆ لە یادی گەاڕنەوەی بۆ كوردستان ئەو مێژوەمان بیر دێتەوە كە بارزانیی نەمر بوو ناسنامەی كوردی بە دونیا ناساند و بە گەلانی راگەیاند كوردیش وەكو هەموو گەلانی تر دەبێ مافی ژیان و ئازادی و ئاشتی و تەبایەتی خۆی هەبێت و هەروەهاش یادی گەڕانەوەی تەرمە پیرۆزەكانیان دەكەینەوە ئەوە بوو كە لە دوای راپەڕین، بڕیاری گواستنەوەی تەرمی پیرۆزی هەردوو نەمران بارزانیی نەمر و كاك ئیدرسی هەمیشە زیندوو دەرا لە كوردستانی رۆژهەڵاتی ئێران، بۆ هەرێمی كوردستان و لە رێورەسمێكی جەماوەری لە 6/10/1993 تا 8/10/1993 دەگوازرێنەوە خاكی ئازادی كوردستانی باشوورو لە گوندی (بارزان)ی زێدی رەسەنی خۆیان كە مەڵبەندی بەرخودانی كوردایەتی و شۆڕش بوو بۆ دواجار بە خاكی پیرۆزی كوردستان دەسپێردرێن. لەم یادە دا دەبێ هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆك مسعود بارزانی بن، هەروەها دەبێ برایانە و كوردانە لەگەڵ یەكتر بین بۆ ئەوەی كێشەكانی كوردستان چ لە ناوە و چ لەدەرەوە باشتر چارەسەر بكەین و نەهێڵین ناحەزانی كورد وەزعی كورد و ژیانی كورد تێكبدەن و دەبێ یەك دەنگ بین بۆ كوردستان ئەم دەسكەوتانە دەبێ بپارێزن تاكو وڵاتمان باشتر و سەركەوتوو تر بێت، هیوادارم هەموو ناوچەكانی كوردستان بگەڕێنەوە. لەم یادەدا هەزاران سڵاو و درود لە گیانی گشت شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو. سوپاس بۆ ئێوە و رۆژنامەی خەباتان كە ئێمەی بەسەر كردەوە، هیوای سەركەوتن بۆ رۆژنامەی خەبات دەخوازم.

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژماەی(4171) رۆژنامەی خەبات (7/10/2012)بڵاوبوویتەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار