تیاری بۆ KDP: زۆربەی کریستیانەکان جەژنەکانیان لە کوردستان دەگێڕن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا کوردستان مەڵبەند و لانەی پێکەوەژیانە، ئەمە نەک تەنیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بگرە بۆ هەموو جیهانیش دەرکەوتووە، چونکە کریستیانەکان و سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و ئارامیدا دەژین.
ڕۆبینا تیاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستان گوتی: ''هاتنی سەرکردە سیاسییەکانی وڵاتانی جیهان بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستانە و بینینی ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان بوون هەیە، ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەتی هەرێم و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە پرسی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان و ئازادی دەدەن".
تیاری ئاماژەشی دا، ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی کریستیانەکان لە زیادبووندایە، کەچی بە پێچەوانەوە لە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ـوە کریستیانەکان لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسەوە ئێستا ژمارەیان تەنیا ٣٠٠ هەزار کەسە و ئەوانەش کۆچبەر و ئاوارەن.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ: "هەندیك لە ناوچە کریستیاننشینەکان لە عێراق ڕزگار کراون، بەڵام خەڵکەکەی نایانەوێت بگەڕێنەوە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، چونکە دەزانن لە هەرێمی کوردستان ئەمنیەتیان پارێزراوە و بۆنە و جەژنەکانیان بە ئارامی بەڕێوە دەبەن، ئێستاش زۆربەی کریستیانەکان جەژنەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەگێڕن".
کــاروان بـــاعەدری




