ھیوا عەلی: ھەموو دەرچووانی کشتوکاڵ بە چەند قۆناغێک دادەمەزرێن

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، ھەموو دەرچووانی کشتوکاڵ بە چەند قۆناغێک دادەمەزرێن و دەشڵێ، دوای سەری ساڵ دەرچووانی کشتوکاڵ دەخرێنە خۆڵی ڕاھێنانەوە.
ھیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەرچووانی کشتوکاڵ دوای بانگەوازەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ فۆرمیان پڕ کردووەتەوە و بەپێی دواین ئامار زیاتر لە ١١ ھەزار دەرچوو فۆرمی دامەزراندنیان پڕ کردووەتەوە و لەلایەن لیژنەی باڵاوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراون بۆ ئەوەی کار بۆ دامەزراندنیان بکرێت.''
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: ''دوای سەری ساڵ دەرچووانی کشتوکاڵ، ئەوانەی فۆرمیان پڕ کردووەتەوە دەخرێنە خوڵێکی ڕاھێنانەوە و ئامادە دەکرێن بۆ دامەزراندن بە چەند قۆناغێک و ئەوانەی مەرجیان تێدایە دادەمەزرێن.''
ھیوا عەلی ڕوونیشی کردەوە: "ئەو ١١ ھەزار دەرچووە ھەموویان بە یەک قۆناغ دانامەزرێن، بەڵام بە چەند قۆناغێک دادەمەزرێن تا ھەموویان دەبنە خاوەنکار و سەرپەرشتیی پڕۆژەکان دەکەن، لەوانەیە لە قۆناغی یەکەم چەند ھەزارێک دابمەزرێن، بەڵام ھەموو ھەوڵێکی حکوومەت ئەوەیە ھەموو دەرچووان دابمەزرێن.''
قائید میرۆ




