وەبەرھێنانی ھەولێر: ئەمساڵ مۆڵەت بە ٤١ پڕۆژە دراوە و پشکی شێریش بەر کەرتی پیشەسازی کەوتووە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەمساڵ بە سەرمایەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە ٤١ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە و دەشڵێ، لەنێو پڕۆژەکانی ئەمساڵ زۆرترین مۆڵەت بە کەرتی پیشەسازی دراوە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ ٤١ مۆڵەتی وەبەرھێنان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر دراون بە پڕۆژەکان و سەرمایەی ئەو پڕۆژانەش نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە و ٧٣٩ دۆنم زەویش بۆ ئەو پڕۆژانە دابین کراوە، لەوانەش حەوت پڕۆژەی بازرگانی و سێ پڕۆژەی تەندروستی و حەڤدە پڕۆژەی پیشەسازی و چوار پڕۆژەی گەشتیاری و دوو پڕۆژەی فێرکردن و دوو پڕۆژەی گەشتیاری و دوو پڕۆژەی کشتوکاڵی و سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و یەک پڕۆژەش وەرزشییە.''
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر دەشڵێت: "زۆرترین مۆڵەت بە پڕۆژەکانی پیشەسازی دراوە و لە پڕۆژەکانیش زۆرترین ھەلی کاری بۆ ھاووڵاتییان ڕەخساندووە، پڕۆژەکانی دیکە بەگشتی ھەلی کاریان ڕەخساندووە، لە ھەولێر ٤٨٩ مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دراوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ بەدواوە تا ئێستا سەرمایەی ھەموو پڕۆژەکان ٤١ ملیار و ٥٨٦ ملیۆن دۆلارە.''
لەبارەی پڕۆژەی شوقەی کرێنشینانەوە سامان عارەب ڕوونی کردەوە: "زەوی بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی پڕۆژەی کرێنشینان دیاری کراوە لە ھەولێر، دوای سەری ساڵ تیروپشک بۆ ناوی کرێنشینان دەکرێت و وەبەرھێنەریش ئاگادار کراوەتەوە کە نەخشەی پڕۆژەکەی پێشکەش بکات و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکات، ھەندێ ڕێکاری یاسایی لە شارەوانی ماوە و دوای سەری ساڵ دەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان دەکرێت.''
قائید میرۆ




