جێگری پارێزگاری هەولێر: ئەو شوێنانە مەراسیمی سەری ساڵیان لێ دەکرێت

هەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازەوە، لە شاری هەولێر لە چەندین شوێن مەراسیمی سەری ساڵ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دەکرێتەوە و بۆ هاتنی گەشتیارانیش تەواوی ئامادەکاری و ئاسانکاری کراوە، بۆیە بە هۆی ئارامیی هەولێرەوە پێشبینیی هاتنی گەشتیارێکی زۆر دەکەین بۆ سەری ساڵ بێنە هەولێر.
مەسعوود محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە بۆنەی سەری ساڵەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەین و بۆ مەراسیمی سەری ساڵیش کەرتی تایبەت بەو کارە هەڵدەستێ، کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر مەراسیم ساز دەکرێت، ئەوانیش لە شەقامی شۆڕش سیمایەکی جوانی بۆ دروست کراوە و رازێندراوەتەوە و لە پارکی شار هەندێک چالاکی دەکرێت، هەروەها لە فلکەی بەتەمای خوای کە بەوە ناسراوە، لەوێش مەراسیمی سەری ساڵ دەکرێتەوە و لە ئیمپایەریش بە هەمان شێوە، بۆیە ئەو شوێنانە بە فەرمی مەراسیمی سەری ساڵیان لێ دەکرێتەوە".
محەمەد گوتیشی: "بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بۆ سەری ساڵ، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی پارێزگار و لایەنی پەیوەندیدار بەو بۆنەیەوە وەکو گەشتوگوزار و هاتوچۆ و ئاسایش و زۆرینەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دراوە، کە بتوانین زۆرترین ئاسانکاری بکەین بۆ هاتنی گەشتیاران، ئەمەش دوای جێبەجێکردنی رێکارە ئەمنییەکان، ئەوەی دیکە چەند بکرێت ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەو هاووڵاتیانەی سەردانی هەولێر دەکەن بە مەبەستی گەشتکردن".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "تیمەکانی هاتوچۆ کاری خۆیان دەکەن و ئاسایش و تیمەکانی دیکەش ئەرکی خۆیان رادەپەڕێنن، بۆیە هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران دەکرێت و بە هۆی ئەو ئاسانکاریانەشەوە پێشبینی دەکرێت گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە هەولێر بکەن، بە تایبەت بە هۆی ئەو ئارامییەی لە هەولێر هەیە، چونکە ئەمە وای کردووە خەڵک زیاتر ڕوو لە هەولێر بکەن".
بڵند ئیبراهیم




