٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

قۆناخی چارەسەری و گۆمانەكانی قەندیل

سەرچاوە: KDP.info

فكرەت بلا

لەو دوای سەردانەكەی وەفدی بەدەپە و كەجەدە بۆ قەندیل بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسی پەكەكە موراد قەرەیلان و وەرگرتنی بیروڕای پەكەكە سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری، موراد قەرەیڵان بیروڕای خۆی ئاشكرا كرد. قەرەیڵان ئاماژەی بەوە كردووە كە ئوجەلان هێشتاكە هەر سەرۆكی پەكەكە و پەكەكەیش متمانەی بە ئوجەلان هەیە و ئەو چاوپێكەوتنانەیش كە لە ئێمراڵی لە نێوان ئوجەلان و بەرپرسانی توركیادا ساز دەكرن بۆ پەكەكەیش گرنگ و كاریگەرن. قەرەیڵان بەم وتانەی خۆی لە لایەكەوە گرێدراو بوونی پەكەكە بە ئوجەلانی جارێكی دیكە دووپات كردووەتەوە بەڵام جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە لە هەندێك بوار و لە چەند خاڵێكدا ئەوان وەكو پەكەكە هێشتا گومانیان هەیە.

هەم دەوڵەت و هەم ئوجەلان زۆر بە باشی دەیانزانی و دەزانن كە لە سێ گۆشەی ئیمراڵی، بەدەپە و قەندیلدا، پەكەكە فاكتەرێكی یەكجار گرنگە كە دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت و داوای لێ بكرێت بۆ سەر خستنی قۆناخەكە رۆلی خۆی بگێڕێت.

پەكەكە هەر چەند دەیەوێ پرسی كورد چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەویش شەرت و مەرجی خۆی هەیە. دەوڵەت و ئوجەلان دەڵێن ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە دەستیان لە كۆشتنی سەربازانی توركیا نەبووە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ توركیا و ئەوانی دیكەیش دەتوانن چەكەكانیان دابنن و بچن بۆ وەڵاتێكی دیكە، بەڵام پەكەكە هێشتا لەم بوارەدا بریاری خۆی نەداوە و دیارە بە هیچ شێوەیەك مل كەجی ئەم بریارە نابێت. هۆكاری ئەم مەسەلەیە ئەوەیە كە هێشتاكە پەكەكە وەكو یەكێك لە فاكتەرە سەرەكییەكانی ئەم قۆناخە لە بەرامبەر قۆناخەكەدا شك و گومانی هەیە بۆ ئەوەی كە ئەو خاڵ یا ئەو بوارانەی كە پەكەكە گۆمانی لە سەر هەن رون بكرنەوە و پەكەكەیش لە سەریان رازی ببێت پەكەكە لە رێگای ئوجەلانەوە داوای بریار لە پارلەمانی توركیا دەكات.

مەسەلەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە بۆ دەرەوەی سنوورەكانی توركیا مەسەلەیەكی ئاسانە و رەنگە پەكەكە هەر زوو لەم رووەوە رازی ببێت بەڵام مەسەلەی چەك دانان مەسەلەیەكی زۆر گرنگە بۆ پەكەكە و باوەر ناكەم پەكەكە زۆر بە ئاسانی بتوانێت ئەم خاڵە جێبەجێ بكات.

هەم پەكەكە و هەم بەدەپە هەبوونی هێزی چەكداری لە قەندیل وەكو گەرەنتییەك بۆ دۆزی كورد و بۆ خۆیان دەزانن هەر بۆیە لە رووی دانانی چەكەوە نە بەدەپە و نە پەكەكە متمانەیان بە چاوپێكەوتنەكانی ئیمراڵی نییە و دەڵێن" یا دەبێت نوێنەری پەكەكە سەردانی ئیمراڵی بكات و یا دەبێت كاناڵێكی راستەوخۆ لە نێوان ئوجەلان و پەكەكەدا ساز بكرێت تا لەم بوارەدا گفتووگۆ بكەن و بگەنە بریارێكی یەكجارەكی.

بە هۆی متمانە نەكردنی پەكەكە بە قۆناخەكە بە تایبەتی بۆ مەسەلەی دانانی چەك، پەكەكە لە رێگای نوێنەرانی بەدەپە و كەجەدەوە پەیامێكی ئاراستەی ئوجەلان كردووە و وتوویەتی" بۆ مەسەلەی كێشانەوەی هێزە چەكدارەكان لە نێو سنوورەكانی توركیاد بە لانی كەمەوە پەكەكە پێویستی بە دوو ساڵ كات هەیە.

بە پێ ئەوەی كە من ئوجەلان دەناسم، ئوجەلانیش لەم بوارەدا هەر وەكو پەكەكە بیر دەكاتەوە و وتەی" هێزە چەكدارەكان گەرەنتی كوردن لە توركیا" وتەی ئوجەلان بوو كە ئێستا لە لایەن بەدەپە و پەكەكەوە دووبارە دەكرێتەوە، بۆیە من پێم وا نییە كە بۆ مەسەلەی چەك دانان ئوجەلان گوشار بخاتە سەر پەكەكە، رەنگە داوا لە پەكەكە بكات چەند شەرت و مەرجێك بۆ دانانی چەكەكان دەستنیشان بكات و ئەم شەرت و مەرجانە ئاراستەی دەوڵەت بكات و ئەگەر بزانن كە دەوڵەت ئەم مەرجانە جێبەجێ دەكات ئەوا ئەوانیش دەست بە ئامادەكاری بۆ دانانی چەكەكان دەكەن بە پێچەوانەوە نەتەنیا چەكەكان دانانن بگرە رەنگە هێزی چەكداری خۆیشی بەرفراوانتر بكات.

مەسەلەیەكی دیكە كە پەكەكە گومانی لە سەر هەیە و نایەوێ ئەزموونی ساڵەكانی 1999 دووبارە ببێتەوە مەسەلەی كێشانەوەی هێزە چەكدارەكان بۆ دەرەوەی سنوورەكانی توركیایە. وەكو ئاگادارن لە ساڵی 1999دا كاتێك كە پەكەكە دەستی بە كێشانەوەی هێزەكانی بۆ باكووری عێراق كرد هێزە سەربازییەكانی سوپا چەپ و راست لە دژی پەكەكە ئوپەراسیۆنی سەربازییان ساز دەكرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر چەكداری پەكەكە كۆژران، هەر بۆیە لەم قۆناخەی ئێستادا پەكەكە نایەوێ رووداوەكانی ساڵی 1999 دووبارە ببنەوە و لەم چوارچێوەیەیشدا دەیەوێ مەسەلەی كێشانەوەی هێزەكانی خۆی نە لە ماوەی یەك مانگ و دوو مانگدا بەڵكو دەیەوێ لە دوو ساڵدا چارەسەر بكات تا بەمجۆرە رووبەرووی هیچ جۆرە زەرەر و زیانێكی دیكە نەبێتەوە. ئوجەلانیش هەستی بەم هەڵوێستەی پەكەكە كردووە هەر بۆیە داوا لە پەكەكە دەكات كە ئەوەندە بەگومان نەبێت.

بەڵام پەكەكە لە سەر هەڵوێستی خۆی سوورە و بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ هیچ جۆرە زەرەر زیانێك هێزەكانی خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەربخات، دەڵێت پێویستە بۆ كێشانەوەی هێزەكان پارلەمانی توركیا بریار رەسمی بدات و كومسیونێكی تایبەتیش لە لایەن پارلەمانەوە دابمەزرێت كە چاودێری قۆناخی كێشانەوەی هێزەكان بكات.

هەم ئوجەلان و هەم پەكەكە و موراد قەرەیڵانیش زۆر بە باشی دەزانن كە پارلەمانی توركیا بە هیچ شێوەیەك بریارێكی لەم چەشنە نادات و كومسیونێكی بەمجۆرە دانامەزرێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش پەكەكە لە سەر ئەم داوكارییەی خۆی سوورە و هۆكاریشی گومانی زۆر پەكەكە لە رەوتی رووداوەكانی ئەم قۆناخەیە.

لە لایەكی دیكەوە لە پەیام و هەڵوێستەكانی پەكەكەدا بۆمان روون دەبێتەوە كە پەكەكە بە شێوەیەكی چڕ و پڕ هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە لە قۆناخی چارەسەری ئەمجارەیشدا هەبوونی سەربازی خۆی بپارێزێت و وا بیردەكاتەوە كە ئەگەر لە رووی سەربازییەوە لاواز بكرێت یا خۆ هێزی خۆی لە دەست بدات ئەوا وەكو فاكتەرێكی چارەسەری ناتوانێت رۆلی خۆی بگێڕێت. لە لایەكەوە داوا لە پەكەكە دەكرێت كە واز لە چەك بهێنێت و خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا بكێشێتەوە و لە لایەكی دیكەیشەوە چاوەروانی ئەوە لە پەكەكە دەكرێت كە پەكەكە ئاگربەستێك رابگەینێت و لە چوارچێوەی شەرت و مەرجەكانی قۆناخەكەدا هەڵسووكەوت بكات بەڵام پەكەكە هێشتاكە تەنیا و تەنیا نووسینەكانی خۆی دەخوێنێتەوە. بۆیە وا بزانم سەركەوتنی ئەم قۆناخە بە بێ ئەوەی كە هە ردوو لا هەنگاوی كرداری دوو لایەنە نەنێن سەركەوتوو نابێت.

سەرچاوە" میللیەت

 

هەواڵی پەیوەندیدار