د. فهریاد لە ڕێی (KDP)یەوە داوایەک ئاڕاستەی حکوومەت دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەو دکتۆرە کوردەی خەڵاتی لێهاتوویی سەرۆککۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی وەرگرت، دەڵێ، وەرگرتنی خەڵاتەکە ئەو رۆژە بوو، کە تێیدا مێژووی زمانی کوردی لە ئەورووپا تۆمار کرا. هاوکات داواش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، خەڵاتەکەی بکرێتە نموونەیەک بۆ پشتگیری و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی.
دکتۆر فهریاد فازڵ عومەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، خەڵاتی لێهاتوویی سەرۆککۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، دەبەخشرێتە کەسێکی شایستە، کە لە ژیانیدا خزمەتی بە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و زانستی و هونەری کردبێت. دەشڵێ: "ئەوە خەڵاتێک بوو لە رێی بەندەوە، درایە زمانی کوردی و نەتەوەی کورد".
ئەو روونی دەکاتەوە، کە ئەو خەڵاتەی سەرۆککۆمار، داننان بووە بە زمانی کوردیدا، کە زمانێکی شایستەیە، وەک خۆی گوتی: "ئەوەش لە ڕێگای شاکارەکانی منەوە بووە، کە زمانی کوردی هاوشێوەی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی لە ئەورووپادا ناسێندرا و، وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئەو رۆژە بوو کە تێیدا مێژووی زمانی کوردی لە ئەورووپا تۆمار کرا".
دکتۆر فهریاد لە ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئەو خەڵاتە بکەنە نموونەیەک بۆ پشتگیری و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی، جەختیش لەوە دەکاتەوە، زمان ناسنامەی نەتەوەیە، "گەر ئێمە زمانمان نەبووایە، ئەوا ئەو هەموو چەوساندنەوەی بەرانبەرمان کراوە، ئەوا لەناو دەچووین".
کورتەیەک لە ژیاننامەی دکتۆر فهریاد:
دکتۆر فهریاد فازڵ حاجی عومەر سهلیم ئاغا.
لە رێککەوتی 11ی9ی 1950 لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی لە دایک بووە.
کەسایەتییەکی نیشتیمانپەڕوەر بووە و رۆڵی لە نووسیندا هەبووە، لە بواری ئەدەبیدا شرۆڤەکارێکی بەتوانایە و، خاوەن چەندین کتێبی چاپکراوە و، نوێترینیان شرۆڤەی شاکاری ئەحمەدی خانی-مەم و زین بووە.
خاوەن و دامەزرێنەری ئینستیتووتی خوێندنی کوردییە لە بەرلین، کە کتێبخانەکەی 30هەزار کتێب لە خۆ دەگرێت.
-
-
خێڵان بەختیار




