سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سوپاسی مەسروور بارزانی دەکات

هەولێر-KDP.info- جۆرجا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە تویتێکدا سوپاسی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی "پێکەوە کاردەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی هاووڵاتیانمان".
جۆرجا مێلۆنی پاش گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیتاڵیا لە تویتێکدا سوپاسی مەسروور بارزانی کرد و رایگەیاند، لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە بەشێكی دیکەی تویتەکەیدا نووسیویەتی، "پێکەوە کاردەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی هاووڵاتیانمان و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئابووریمان."
دوێنێ هەینی 23ـی کانوونی یەکەمی 2022، جۆرجا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
لەم سەردانەیدا جۆرجا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، هەروەها تیمی راوێژکار و سەربازانی وڵاتەکەی لە هەولێر بەسەرکردەوە.




