٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرەتای ساڵی تازە دەست بە دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە سەرەتای ساڵی تازە لە ھەموو ناوچەکان دەست بە جێبەجێکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بکەن و ئەو ناوانەیشی لەو یەکانە سوودمەند دەبن ڕابگەیەنن.

دکتۆر محەمەد شوکری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ''ئەمساڵ سەرجەم فەرمانگەکانمان کراونەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی لە ھەموو بوارێکدا کار بکەن و دەسەڵاتیان پێ بدرێت لە ھەموو ئاستێکدا و فراوان بکرێت و لەم ساڵدا ١٣ مۆڵەتی وەبەرھێنان ھەڵوەشاونەتەوە، بەھۆی کەمتەرخەمیی وەبەرھێنەران و ھەوڵ دراوە بدرێتەوە وەبەرھێنەری دیکە کە لە سێکتەری جیا جیا بوونە، بەتایبەت لە سێکتەری پیشەسازی و کشتوکاڵ و وەرزشی، ئێمە بۆ ساڵی داھاتوو پلانی وەبەرھێنان ئامادە کراوە و لە دوو پەرتووکی وەبەرھێنان بە ناوی ڕێبەری وەبەرھێنان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو دەکرێتەوە، کە ھەزار و ٣٠٦ دەرفەتی وەبەرھێنان شوێنی تێدا کراوەتەوە و ٣٣٠ دەرفەتی وەبەرھێنانی سەوزن کە ئەو پڕۆژانەی ژینگەدۆستن.''

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ''سەرووی ١٣٠ ھەزار ھەلی کارمان ڕەخساندووە و لە پڕۆژەکانمان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کار دەکەن و بە ھەزارانیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کار دەکەن و ھەوڵیشمان داوە، ٧٥%ی کرێکارەکان خۆماڵی بن، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەبەرھێنان و کەرتی تایبەت یارمەتیدەر بین کە ھەلی کار زیاد بێت.''

گوتیشی: ''ئەمڕۆ دوو بابەتی گرنگ ڕادەگەیەنین ئەوانیش دروستبوونی سندووقی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کە ئەو سندووقە داھاتی خۆی دەبێت و بەشێک لە داھاتەکە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەشدارن و ٥%ی پڕۆژەکان موڵکی ئێمەیە و لە سندووقی وەبەرھێنان دادەنرێت، بۆ ئەوەی دواتر بۆ خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان خەرج بکرێت و بە ناوی سەرۆکوەزیران بڕاندی کوردستان ڕادەگەیەنین و سایتێکی نوێ بە ناوی ئیندێس کوردستان دروست دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی زیاتر بە جیھان بڵێین وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕابکێشین و لەمساڵدا کار لەسەر نوێکردنەوەی یاسا و ڕێنمایییەکانی وەبەرھێنان کراوە و ئێستا چەند بۆردێکی نوێ لەسەر یاسا لەدەستەی وبەرھێنان دروست بوون و بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ھەوڵ دەدەین لەگەڵ چەند شارەزایەکی نێودەوڵەتی ڕەشنووسی یاسای وەبەرھێنان ئامادە بکرێت کە لەگەڵ ستانداردی وەبەرھێنانی جیھان بگونجێت تا بتوانین لەو ڕێگەیەوە وەبەرھێنەرانی بیانی ڕابکێشین، چونکە لە کۆی ٨٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەمساڵ دوو پرۆژەی وەبەرھێنانی بیانی ھەبوون کە ئەو ڕێژەیە کەمە و کاری زیاتری پێویستە.

دکتۆر محەمەد شوکری ڕوونیشی کردەوە: ئەمساڵ زەوی بۆ ھەشت ناوچەی پیشەسازی تەرخان کراوە لە ڕێگەی فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەن ساڵی داھاتوو کاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی ببنە بنەمایەک بۆ پێشخستنی کاری وەبەرھێنان، ئەو ناوچانەش لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستانن.''

ڕایشیگەیاند: ''بۆ دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەستمان بە کاری بیناکاری لە زاخۆ کردووە و لە ھەولێریش لە سێ شوێن زەوی تەرخان کراوە لە باشوور و باکوور، ھەروەھا شوێنێکیش لە عەنکاوە، لە سلێمانیش زەوی تەرخان کراوە و وەبەرھێنەر دیاری کراوە و بەڵێنمان وەرگرتووە کە لە سەرەتای ساڵی تازە لە ھەموو شوێنەکان دەست بە کاری بیناکردنی ئەو پڕۆژانە بکەین و ھاوکات خەڵکی شایستە لە ناوەکان بۆ ئەو یەکانە دیاری بکەن و دواتر بەسەریاندا دابەش بکرێت.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار