سەرەتای ساڵی نوێ پڕۆژە یاسایی بوودجەی عێراق رەوانەی پەرلەمان دەکرێت

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لەئێستادا پەرلەمانی عێراق لەپشوودایە و بڕیارە سەرەتای ساڵی داھاتوو پشوو تەواو بێت و دوای ھەفتەیەک لە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان حکوومەت بوودجە بۆ پەرلەمان رەوانە بکات.
ئیبراھیم قەبۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق لەئێستادا ڕەشنووسێکی لەبەردەستی حکوومەتی عێراق دایە و ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بۆیە دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمان یەکەم کاری پەرلەمان پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق دەبێت".
ئیبراھیم قەبۆ گوتیشی: "لەئێستادا پشووی پەرلەمان دەستی پێکردووە لە ٩ی ئەم مانگە و بڕیارە مانگی داھاتوو کە دەکەوێتە ساڵی نوێ پشووی پەرلەمان تەواوبێت کە ماوەی پشووەکە مانگێکە و دەست بەکۆبوونەوەکان بکرێتەوە، چونکە لەئێستادا پشووە و کۆبوونەوە ناکرێت".
قەبۆ باسی لەوەشکرد: "بڕیاربوو پێش پشووی پەرلەمان بوودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام نەھات بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە یەکەم ھەفتەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بوودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق".
بڵند ئیبراھیم




