ئەشواق جاف: دەرفەتێکی تازە بۆ کورد ھاتۆتە پێشەوە… گرنگە لایەنەکان پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێم بکەن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمجارە کورد بەپێی رێککەوتنێکی سیاسیی بەشداری لە حکوومەت کردووە و دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان چارەسەربکرێن، بۆیە پێویستە ئەو دەرفەتەی ھاتۆتە پێشەوە لەدەستی نەدەین و ھەموو لایەکیش پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا.
دکتۆرە ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەکابینەکانی ڕابردوو بەھۆی ئەوەی دەستووری عێراق جێبەجێ نەکراوە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەچارەسەر نەکراوی ماونەتەوە، بەڵام ئەمجارە کورد لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیەتیەک بەشداری لە حکوومەت کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتنێکی سیاسیی کراوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ھەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن".
دکتۆرە ئەشواق جاف کە ھاوکات وەکو جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لەبەغدا دیاریکراوە گوتیشی: "ئەمجارە دەرفەتێکی تازەمان بۆ ھاتۆتە پێشەوە و پێویستە ھیچ بەربەستێک دروست نەکرێت و ئەو دەرفەتە لەدەست نەدەین و کێشەکان چارەسەر بکرێن لەگەڵ بەغدا، بۆیە گرنگە سەرجەم لایەنەکان لە ھەرێمی کوردستان پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لە گفتووگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەگەر لەنێوخۆشماندا ھەر کێشەیەکمان ھەبێت بە دانوستان و دیالۆگ چارەسەری بکەین".
بڵند ئیبراھیم




