ئەمساڵ بە گوژمەی نزیکەی 23 ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان تەواو کراون

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بە گوژمەی نزیکەی 23 ملیار دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان تەواو بوون، کە 144 پڕۆژەن و لەسەر سێ بودجەی جیاواز جێبەجێ کراون.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ تەواو بوون ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی وەبەرهێنان سێ پڕۆژە هەبوون لە سلێمانی و دهۆک و هەولێر بە گوژمەی 14 ملیار و 560 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی ئاسایی 74 پڕۆژە بوون پڕۆژەی ڕێگای گوندەکان و چاککردنەوە کە پڕۆژەی بچووکن بە گوژمەی چوار ملیار و 310 ملیۆن و 761 هەزار دینار و لەسەر بودجەی 30%ی داهاتی وێستگەکان 67 پڕۆژەیە کە چاککردنەوەی ڕێگاکانە بە گوژمەی 3 ملیار و 986 ملیۆن و 433 هەزار دینارە.''
ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ''ئەو پڕۆژانە ئەمساڵ تەواو بوونە کە کۆی گشتیی پارەی بۆ تەرخان کراوە 22 ملیار و 857 ملیۆن و 194 هەزار دینارە و کۆی پڕۆژەکانیش 144 پڕۆژەیە.''
عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ''لە هەولێر 58 پڕۆژە و لە سلێمانی 81 پڕۆژە و لە دهۆکیش 5 پڕۆژە جێبەجێ کراون.''
بڵند ئیبراهیم




