٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەیەکی ئاو لە دەڤەری بارزان تەواو دەکرێت 64 گوند لێی سوودمەند دەبن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو لە دەڤەری بازران کە وەستابوو دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە کە 64 گوند لێی سوودمەند دەبن و بە گوژمەی 138 ملیار دینار پڕۆژەکە لە واری جێبەجێکردندایە و ئێستا 76%ی تەواو بووە.

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرۆژەی ئاوی دەڤەری بارزان دەستی پێ کردەوە پاش ئەوەی 76%ی پرۆژەکە جێبەجێ کرا، بەهۆی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و داکەوتنی ژێرخانی ئابووریی جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، پرۆژەی ئاوی  دەڤەری بارزان لەگەڵ چەندین پرۆژەی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەستان، ئێستا جارێکی دیکە ئەو پرۆژەیە و چەندین پرۆژەی دیکە دەستیان پێ کردووەتەوە و لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا تەواو دەکرێن.''

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند: ''پرۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان لە 1/11/2022 دەستی بە کارەکانی کردەوە، وەک بڕیارە لە ماوەی 615 ڕۆژدا، 24%ی پرۆژەکە کە ماوە تەواو بکرێت، لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە زیاتر لە 138 ملیار دینار لەسەر بودجەی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەواو بکرێت.''

ئاری ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''پرۆژەی ئاوی دەڤەری بارزان، توانای دابینکردنی 1200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتوانی ئەو گوندانەی دەڤەری بارزان هەیە لە سەعاتێکدا، بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەش، کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە لەو گوندانە کۆتایی دێت، بەڵام ئێستا بە تەواوبوونی پڕۆژەکە نەک 51 گوند، 64 گوند لەو پڕۆژەی ئاوە سوودمەند دەبن.''

ئەحمەد گوتیشی: ''پڕۆژەکە 138 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و 76%ی تەواو بووە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت تاوەکوو هەمووی تەواو دەبێت.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار