بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کونسوڵخانەی چین کرد

هەولێر -KDP.info- دکتۆر جەعفەر ئیمنکی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هۆشیار سیوەیلی پێشوازییان کرد لە شاندێکی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری میللیی چین بە سەرۆکایەتیی بەڕێز نی-روچی کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییی ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان سەردانی کردبوون.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا باس لە پەیوەندیی نیوان کۆماری میللیی چین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا کرا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
نی–روچی، کونسوڵی گشتیی چین سوپاسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتیی کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا هاوکاری و هەماهەنگیی بەهێز لە نێوانیاندا هەبوو، داوایشی کرد هاوکاریی کونسوڵی داهاتوو بن بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی.
لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی باردۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دوایین کۆنفرانسی نیوانیان کە لە شانشینی عەرەبیی سعودیە بەسترا گفتوگۆ کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەوەی پەیوەندیی بازرگانی و سیاسیی بەهێز کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر گەشەی ئابووری و سەقامگیریی جیهان بەگشتی.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندیی نیوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کۆمۆنیستی چین کرا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئەو پەیوەندییەی بە گرنگ و پێویست وەسف کرد و بەڕێز ڕوچی جەختی لە هەماهەنگیی زیاتر و بەردەوامی نیوان هەردوو پارت کردەوە بۆ ئامانجی خزمەتکردنی هەردوو گەلی چین و کوردستان، لە دوایین بەشی ئەو دیدارەشدا گفتوگۆ دەربارەی هاوکاری و کارئاسانی بۆ بازرگان و قوتابییان و سەردانیکەرانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ چین کرایەوە.




