٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ھەزار کەس لە کێڵگە نەوتییەکانی سنووری شێخان دامەزراون

سەرچاوە: KDP.info

شێخان -KDP.info- قایمقامی قەزای شێخان ئاشکرای کرد، بە درێژایی مێژوو حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق شێخانیان پشتگوێ خستووە و دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگیی زۆری بە شێخان داوە و لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ھەزار کەس لە کێڵگە نەوتییەکانی سنوورەکە دامەزراون.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شێخان لە ساڵی ١٩٢٤ بووەتە قەزا، بەڵام بە درێژایی ھەموو ئەو ساڵانەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەسەڵاتیان ھەبووە، شێخان پشتگوێ خراوە، بە پێچەوانەوە لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا قەزای شێخان پێشڤەچوونی بە خۆیەوە بینیوە و ئێستا و ڕابردوو بەراورد ناکرێت، چونکە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ٤٠ گوندی شێخان بەر پرۆسەی تەعریب کەوتوون.

قایمقامی شێخان دەشڵێت: "بەپێی یاسا، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە بودجە بۆ قەزای شێخان لە ڕێگەی ئیدارەی پارێزگای نەینەواوە دابین بکرێت، بەڵام بودجەی پێویست بۆ شێخان دابین نەکراوە، بەڵام بە ھەوڵی نوێنەرانی کورد لە ئیدارەی نەینەوا و لە بەغدا لە بودجەی ئەمساڵ ١٢ ملیار دینار بۆ شێخان دابین کراوە و بڕیارە بەو بودجە پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن.''

سەردار شێخ یەحیا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەپێی ئاماری بەردەست لە سنووری قەزای شێخان زیاتر لە ھەزار کەس لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو سنوورە دامەزراون لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بەردەوامیش کار بۆ ئەوە دەکەین خەڵکی ناوچەکە سوودمەند بن لەو کێڵگانەی نەوت کە لە سنووری قەزای شێخانن و بە خۆشحاڵییەوە ٨٠%ی کارمەندانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت خەڵکی خۆجێی شێخانن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار