٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبوار تالەبانی: بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێویستە ڕێکاری دەستووری بگیرێتە بەر

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت پێویستە لەپاڵ ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کراوە، ڕێکاری دەستووری بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ماددەکە جێبەجێ بکرێت.

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ڕێبوار تالەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خۆی هەموو جارێک ڕێککەوتنی سیاسی کراوە بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت و لیژنەکە کارا بکرێتەوە، بەڵام دواتر جێبەجێ نەکراوە، بۆیە پێویستە ئەم جارە کە لیژنەکە کارا دەکرێتەوە هەنگاوی دەستووری بنرێت، چونکە زۆر دوا کەوتووە و پێویست بوو پێشتر لە دادگای دەستووری سکاڵا تۆمار بکەین، چونکە نیەتەکانی حکوومەتەکانی عێراق باش نەبووە بۆ ئەوەی ماددەی 140جێبەجێ بکرێت.''

ڕێبوار تالەبانی گوتیشی: ''هیوادارین لەم کابینەیە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئەوەی ماددەی 140جێبەجێ بکرێت و هەمان سیناریۆی حکوومەتەکانی پێشووتر دووبارە نەبێتەوە، چونکە کێشەکە بە تەرخانکردنی 10 ملیار دینار چارەسەر نابێت و کێشەکەی ئێمە کێشەی خاکە کە 100 ساڵە خەباتی بۆ دەکرێت، بۆیە ناکرێت بە 10 ملیار دینار هەڵخەڵەتێندرێین، چونکە پێویست بوو ماددەی 140 لە ساڵی 2007وە جێبەجێ بکرێت.''

تاڵەبانی ڕوونیشی کردەوە: ''پێویستە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی لەبارەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ڕێکاری دەستووری بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، چونکە زۆر جار ڕێککەوتن کراوە و جێبەجێ نەکراوە، بەڵام دەستوور جێبەجێ بکرێت ئەوکات ماددەکەش جێبەجێ دەکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار