ئەمساڵ بە سەرمایەی دوو ملیار دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە

هەولێر-KDP.info- بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بە سەرمایەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار مۆڵەت بە 82 پڕۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان دراوە.
بە گوێرەی ئامارێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، کە کۆپییەکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، لە 1/1/2022 تاوەکوو 8/12/2022 لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە 82 پڕۆژە دراوە بە سەرمایەی دوو ملیار و 14 ملیۆن و 209 هەزار و 725 دۆلار کە دوو پڕۆژە لەوانە بیانین.
بەپێی هەمان ئامار، 25 پڕۆژە بازرگانین، یەک پڕۆژەی بانک، حەوت پڕۆژەی تەندروستی و 24 پڕۆژەی پیشەسازی، حەوت پڕۆژەی گەشتیاری و حەوت پڕۆژەی فێرکردن، چوار پڕۆژەی کشتوکاڵی و شەش پڕۆژەی نیشتەجێبوون و یەک پڕۆژەی وەرزشی مۆڵەتیان پێ دراوە.
لە ئامارەکەدا هاتووە، لە هەولێر 36 پڕۆژە بە گوژمەی 760 ملیۆن و 110 هەزار و 618 دۆلار، لە هەڵەبجە یەک پڕۆژە بە گوژمەی 21 ملیۆن و 517 هەزار و 167 دۆلار، لە گەرمیان 2 پڕۆژە بە گوژمەی 60 ملیۆن و 491 هەزار و 874 دۆلار، لە ڕاپەڕین 3 پڕۆژە بە گوژمەی 5 ملیۆن و 393 هەزار و 617 دۆلار، لە سلێمانی 29 پڕۆژە بە گوژمەی یەک ملیار و 119 ملیۆن و 896 هەزار و 212 دۆلار، لە سۆران یەک پڕۆژە بە گوژمەی 8 ملیۆن و 650 هەزار دۆلار و لە دهۆکیش 10 پڕۆژە بە گوژمەی 38 ملیۆن و 150 هەزار و 237 دۆلار مۆڵەتیان پێ دراوە، کە کۆی گشتی دەکاتە 2 ملیار و 14 ملیۆن و 209 هەزار و 725 دۆلار.''
بڵند ئیبراهیم




