عەلی حوسێن بۆ KDP: خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکان ئامادە دهکەین

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەر کێشەیەک هەبێ پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت نەک لە رێگەی راگەیاندنەوە، بۆیە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆببینەوە، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین.
عەلی حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دوای کۆنگرە بڕیارمان داوە بەرنامەی تازە و کرانەوەی زیاترمان لەگەڵ لایەنەکاندا هەبێت بەپێی تایبەتمەندیی هەر لایەنێکی سیاسی، ئەوانەی لە حکوومەت بەشدارن و ئەوانەی بەشداریش نین و هەروەها ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن و لەسەر ئاستی عێراقیش، ئێمە پێمان وایە لەسەر ئاستی ناوخۆ پێویستە یەکڕیزیی زیاتر بپارێزین، بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، بە تایبەت ئێمە و یەکێتی ئەگەر گرفتێکمان هەبێت، بە راگەیاندن چارەسەر نابێت و پێویستە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەری بکەین، بۆ ئەو بابەتەش لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێکەوە کۆببینەوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ بەغدا".
عەلی حوسێن گوتیشی: "سەردانی هەندێک لایەنمان کردووە، لەوانە یەکگرتووی ئیسلامی و سەردانەکانیش بەردەوام دەبن و حکوومەتی هەرێم و حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ بەغداش لەسەر هێڵن، بە تایبەت پارتی، چونکە ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کراوە، هەنگاوی باشمان ناوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەروەها هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختەش ڕەنگە بکرێت، ئەمانە هەمووی ئەجێندای کاری ئێمەن بۆ داهاتوو".
بڵند ئیبراهیم




