٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی بەشداری لە کۆڕبەندی ٢٠٢٢ لە واشنتۆن کرد

سەرچاوە: KDP.info

واشنتۆن-KDP.info- زۆزان بەرواری، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری لە کۆڕبەندی ٢٠٢٢ی IDU لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا کرد.

زۆزان بەرواری، بە ناوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی کرد و لەگەڵ بەشداربووانی کۆڕبەندەکە کۆبووەوە، کە بریتی بوون لە سەرۆکی ئێستای IDU، ستیڤن هارپەر، و خاتوو سۆفیا برامبیلا، سەرۆکی ژنانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی دیموکراتی ژنان (IWDU)، و سکۆت مۆ، سەرۆکوەزیرانی ساسکاچوان-کەنەدا، ئەندامی کۆنگرێس مایک تۆرنەر لە ئۆهایۆ، ئەندامی کۆنگرێس دان کرێنشاو لە تەکساس و ئەندامی کۆنگرێس مایکل واڵتز لە فلۆریدا.

لە کۆڕبەندەکەدا، میوانداریی زۆرێک لە ئەندامانی دیاری پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکای کرد و تێیدا چەندین کەسایەتیی دیکە لە سەرانسەری جیهان بەشداریی کاریان هەبوو لە گفتوگۆکاندا بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکانی وەکو شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پێشهاتەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەریی چین، ئاسایشی وزە و قەیرانی ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا.

بەشێکی دیکەی کۆڕبەندەکە، بە کۆبوونەوەی یەکێتیی نێودەوڵەتیی ئافرەتانی دیموکرات (IWDU) دەستی پێکرد، کە تێیدا ئافرەتانی ناوچە جیاوازەکانی جیهان باسیان لە ئەزموونی خۆیان سەبارەت بە دیموکراسی و خواستەکانی داهاتوو وەک کەسایەتیی سیاسی کرد. ئاماژە بەوەش کرا،  “IWDU کۆمەڵەیەکی تایبەتە بە پێشخستنی ئافرەتان و بەرەوپێشبردنی پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە ئافرەتانی لە نێو ئەو پارتە سیاسیانەدا لە جیهان. IWDU لەگەڵ ئەوەی هاندەر دەبێت، پشتیوانیی تەواویش دەکات لە بەهێزکردن، پێشکەوتنی ئافرەتان بۆ کاری سیاسی و ئیداری.

بەرنامەی کۆڕبەندەکە لە ڕۆژانی دواتردا بەردەوام بوو و باس لە ئاڵنگارییە جیهانییەکان کرا، لەوانە شەڕی ئۆکرانیا و کاریگەری لەسەر جیهان و ئەورووپا و ئاسایشی وزە:  پێشهاتەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ئێران و تێکچوونی دۆخی لوبنان، سەرهەڵدانی ڕادیکاڵە نوێیەکان لە ئەمریکای لاتین، کاریگەریی وڵاتانی دیکەی کاریگەر لەسەر پرسە جیهانییەکان و هاوئاهەنگی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە چارەسەرنەکراوەکان.

هەروەها گفتوگۆی تێروتەسەل کرا لەسەر جیۆپۆلەتیکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی- بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست و بەرگریکردن لە دیموکراسی، گەنجان، بەرگریکردن لە ئازادی و دیموکراسی لە سەرانسەری جیهان، هەڵبژاردن، گرفتی داهاتووی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری و توندڕۆیی و داهاتووی سیاسەتی دەرەوە و کاریگەری لەسەر پرسە گرنگەکان، و دواجار پرسی گۆڕانی کەشوهەوا، باسیش لە گەشە ئابووری و پیشەسازی و ئارامی و سەقامگیری و مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان کرا و بڕیار درا هاوئاهەنگیی زیاتر بکرێت بۆ چەسپاندنی ئەو ڕوئیا و سیاسەتانەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پارتە دیموکراتەکان.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دیموکراتی (IDU) هاوپەیمانییەکی جیهانیی پارتە دیموکراتخوازەکانە، کە ساڵانە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی سەرانسەری جیهان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.  کۆڕەکانی IDU ساڵانە دوو جار بەڕێوە دەچن: جارێک لە واشنتۆن و دووەم، شوێنیش لە نێوان شارەکانی ئەورووپادا بە یەکەوە دەگۆڕێت. لە کاتێکدا سەرکردە جیهانییەکانی ئەو پارتانە دوو ساڵ جارێک بۆ گفتوگۆ کۆدەبنەوە بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونیان بە بەها هاوبەشەکانی ئازادی و دیموکراسی و تاوتوێکردنی ئاستەنگە زەقەکان کە ئێستا بەرۆکی جیهانیان گرتووە.

لەو کۆڕبەندەدا چەندین پانێڵی پسپۆڕان لە تەوەرە جیاوازەکان بەڕێوە دەچن و گفتوگۆ دەکرێت و پاشان لەگەڵ نوێنەرانی ئامادەبوو گرفت و ئاڵگارییەکانی ناوچەکە باس دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار