٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی قەزایەکی دیکە بۆ هەولێر زیاد دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سبەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر زیادبوونی قەزایەکی نوێ دەدرێت و ناوی قەزایەکی دیکەش دەگۆڕدرێت، بڕیاریشە لە داهاتوودا دوو ناحیەی نوێ دروست بکرێن، بە هۆی ئەوەی هەم ناوچەکە فراوان بووە و هەمیش رێژەی دانیشتووان زیادی کردووە.

عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا هەڵدەستین بە گۆڕینی ناوی دەشتی هەولێر بۆ قەزای بنەسڵاوە و سەنتەرەکشی بنەسڵاوە دەبێت بەپێی ماددەی 6 لە خاڵی 13 لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارەی 3ی ساڵی 2009 و دواتریش هەڵدەستین بە هێنانەکایەی قەزایەکی دیکە بە ناوی قەزای قوشتەپە، کە ئەویش سەنتەرەکەی قوشتەپە دەبێت".

ڕەشید گوتیشی: "سەبارەت بە هێنانەکایەی چەند ناحیەیەک، لە کۆبوونەوەی سبەیدا بڕیاریان لەسەر نادرێت و لە داهاتوودا بڕیاری لێ دەدرێت، کە ئەوانیش کانی قرژاڵە و بێستانەن".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "هۆکاری دەرچوونی ئەو بڕیارانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوچەکان فراوان بوون و ژمارەی دانیشتووانیشیان زیاد بووە، بۆیە ئەو بڕیارانە دەدرێت و قەزا و ناحیە بۆ هەولێر زیاد دەکرێت، کە دوای ئەوەی دەکرێنە قەزا، فەرمانگەی پێویستیشیان بۆ دەکرێنەوە".

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار