٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: هەوڵەکانی دژی جێبەجێکردنی ماددەی 140 نەزۆکن و سەر ناگرن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھەوڵ ھەیە بۆ دژایەتیی جێبەجێکردنی ماددەی 140، بەڵام سەر ناگرن و دەشڵێت، ھەوڵی نەزۆک ھەن دوای بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی 140.

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماددەی 140 پڕۆژەیەکی  یاسایی و دەستوورییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیەک کە ٢٥%ی خەڵکی عێراق پێک دێنێت، ھەتا دەستووری عێراق بمێنێت، ماددەی 140یش بە زیندوویی دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەستووریش دەستکاری بکرێت و ھەموار بکرێتەوە، ئەوە سێ پارێزگا دەتوانن ڕێگری بکەن و دادگای فیدڕاڵییش بڕیاری داوە ماددەی 140 ماددەیەکی دەستووری و زیندووە.''

سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕێککەوتن لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان و شیعە و سوننەدا کراوە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی تاڵی ڕابردوو وەربگرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پەرلەمانیش دەنگی لەسەر ڕێککەوتنی لایەنەکان داوە و ھێزێکی یاساییی پێ بەخشیوە، بەڵام دوای بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی 140، لێرە و لەوێ دژایەتیی دەکرێت.''

دژوار فایەق ڕوونیشی کردەوە: "ھۆکاری دەرەکی ھەیە بۆ دژایەتیی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، ھەر ئەو فکرە تاریکەیە تا ئێستا ناھێڵێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێن، پێم وایە ماددەی 140 تەنیا بۆ کورد نییە، بەپێچەوانەوە بۆ کورد و عەرەب و تورکمان و ھەموو عێراقییەکانە و، ھەوڵە دژەکان نەزۆکن و سەر ناگرن، بڕوام وایە سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەوڵی جددی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەدات، پێشنیاریش دەکەم ئەو کەسانەی کار لە ماددەی 140 دەکەن، باوەڕیان بە دیموکراتی و پێکەوەژیان ھەبێت، بۆ ئەوەی نەگەڕێینەوە دواوە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار