٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەوسەن میرخان: دووشەممە وەزیر بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوانی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ڕۆژی دووشەمە وەزیری شەھیدان بانگھێشتی لیژنەکە دەکرێت بۆ چەندین پرسی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و دەشڵێت، دەمانەوێ بە بڕیارێک ھەندێ ماف و ئیمتیازات بۆ ڕزگاربووانی ئەنفال بگەڕێتەوە.

سەوسەن میرخان، سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو وەزیری شەھیدان بانگھێشتی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و لەلایەن لیژنەی شەھیدانەوە ژمارەیەک بابەتی گرینگی گرێدراو بە کەسوکاری شەھیدان دەخرێنە ڕوو، لەوانە کێشەی ڕزگاربووانی ئەنفال و کێشەی کەسوکاری شەھیدان و ماف و ئیمتیازاتی شەھیدان و بابەتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.''

سەرۆکی لیژنەی شەھیدان دەشڵێت: "ڕزگاربووانی ئەنفال داوای مافی خۆیان دەکەن، پێشتر بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ھەندێک ماف و ئیمتیازاتیان پێ دراوە و بەھۆی یاسای چاکسازییەوە لێیان بڕدراوە، داوا دەکەن بە بڕیارێک ئەو مافانەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.''

لەبارەی پێدانی ماف و شایستەی کەسوکاری شەھیدان و زیندانییانی سیاسی لە بەغداوە، سەوسەن میرخان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە ئاگاداری وردەکاری نین لەبارەی ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا، بەڵام ڕۆژی دووشەممە ئەو پرسە لەگەڵ وەزیری شەھیدان باس دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی کراوە و دەکرێت بۆ کەسوکاری شەھیدان و زیندانییانی سیاسی، بەڵام بێگومان پەسەندکردنی بودجەی عێراق و ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان کاریگەریی خۆی دەبێت بۆ کەسوکاری شەھیدان.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار