سەرجەم ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەرکیان پێ دەسپێردرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبن و بە قۆناغ دەبێت، کە سەرجەم ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئەرکیان پێ دەسپێردرێت.
د. ئەشواق جاف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەیەکە دەستی بە گۆڕانکاری لەناو حیزبدا کردووە و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسی لقەکان گۆڕانکارییان تێدا کراوە، کە بەشێکیان گۆڕدراون و بەشێکیشیان لە شوێنی خۆیان ماون، بۆیە بە قۆناغ گۆڕانکاری دەکرێت".
جاف گوتیشی: "فەرمانی منیش دەرچووە، وەکوو جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەستبەکار دەبم، کە دکتۆر فوئاد حوسێن بەرپرسی مەکتەبەکەیە".
دەشڵێت: ''قۆناغێکی دیکەی گۆڕانکاری بەڕێوەیە و ئەو لقانەی ماون گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت و ئەو ئەندامانەی کۆمیتەی ناوەندییش کە ئەرکیان وەرنەگرتووە، ئەوانیش ئەرکیان پێ دەسپێردرێت، بۆیە گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و بە قۆناغ دەبێت.''
بڵند ئیبراهیم




