٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: سەرکەوتن و شکستی هەموومان پێکەوەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و هەموو هێزەکان و بەتایبەت پارتی و یەکێتی بە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی سەردەکەون "شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان، لە تەباییدا هەموومان براوەین و لە لێکترازاندا شکستخواردووین".

لە رێوڕەسمی هێنانەوەی تەرمی ئاکام عومەر فەرماندەی هێزی کۆماندۆ، گوتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دڵشاد شەهاب راوێژکاری سەرۆکی هەرێمەوە خوێندرایەوە و گوتی، "ئەم فەرماندە لێهاتووە لە ئەرکی فەرمی و پاراستنی خاک و نیشتماندا گیانی بەخشی، فەرماندەیەکی بوێر و چاونەترسی هێزەکانی کۆماندۆ بوو، هەمیشە خۆی لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدابووە، ئەو بە بڕوایەکی بەهێزەوە ئامادەی قوربانیدان بوو، پرسە و سەرەخۆشی قوڵمان ئاراستەی کەسوکاری دەکەین".

لەو گوتارەی سەرۆکی هەرێمدا هاتووە، "مێژووی کوردستان پڕ سەروەرییە و بە خوێنی هەزاران شەهید تۆمارکراوە، ئازادی و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەری رەنجی شەهیدەکانمانە و ئێمە قەرزاریانین و بە رێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە، باشترین وەفاداریمان پاراستنی دەستکەوتەکانمانە کە بە خوێنی ئەوان بەدەستهاتووە".

سەرۆکی هەرێم باسی لەوەشکرد بوو کە، "لەکاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و نا ئارامدا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشە و مەترسی جدیدایە، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە قبوڵکردنی یەکتر و یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەكاکردنی لایەنەکانە و تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی هەیە، مانەوە و پاراستنی دەستکەوتەکان تەنها بە یەکڕیزی دەکرێت، هێز و سەنگ و قورساییمان بە تەبایی و یەکڕیزیمان دەبێت، دابڕان و لێکترازان و ناکۆکی و یەکتر رەتکردنەوەمان شکستی هەموومان و شکستی هەرێمی کوردستانە".

هەروەها سەرۆکی هەرێم، پەیامێکی بۆ هێزە سیاسییەکان ناردووە و دەڵێت، "هەموو هێز و پێکهاتە و لایەنەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، بە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی سەردەکەون، شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان، سەرکەوتن و شکستی هەموومان پێکەوەیە، لە یەکڕیزدا هەموومان براوەین و لە لێکترازان و رەتکردنەوەی یەکتردا هەموومان شکستخواردووین، داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کێشە و ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن و یەکڕیزی و تەبایی بپارێزن، با کارکردن بۆ داهاتوویەکی باشتر و پاراستنی دەستکەوتەکان کۆمان بکاتەوە".

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار