شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: بەشێکی باشی بودجە بۆ هەرێم دیاری کراوە

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، هەنگاوی باش نراوە و ئەو رێککەوتنە سیاسییەی حکوومەتی لەسەر دامەزراوە، کراوەتە بناغەی گفتوگۆکان، کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، بۆیە حکوومەت بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەتوانێ رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەنگاوی باش نراوە و، ئێمە لەبارەی وردەکارییەکان لەگەڵ شاندەکە کۆبووینەوە، بۆیە کۆبوونەوەکان زۆر باش بوون و بناغەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداش ئەو رێککەوتنە سیاسییەیە کە حکوومەتی لەسەر پێک هێندراوە، چونکە رێککەوتنێکی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەبوو و لەناو پەرلەمانیش دەنگی لەسەر درا، بۆیە حکوومەتی تازەی عێراق دەتوانێ بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق، هەموو بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، چونکە پەرلەمان شەرعیەتی پێداوە".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتێک ئەو نووسراوەی واژۆ کردووە لەبارەی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کردووە کە ئەو بڕیارەی داویەتی پەرلەمان شەرعیەتی پێداوە، چونکە بڕینی 200 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسی بوو".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە رێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت و لە گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق، رێککەوتنی سیاسی کراوەتە بناغە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوکات ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، بەپێی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێکی باشی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.
بڵند ئیبراهیم




