لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن یادی ئاڵای کوردستان بەرز راگیرا

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی خوێندن یادی ئاڵای کوردستان کرایەوە و لە هەموو قوتابخانەکان بەو بۆنەیەوە چالاکی هەبوو.
ئالان حەمەسەعید، دوای مەراسیمی یادی ئاڵای کوردستان لە شاری هەولێر لە یەکێک لە قوتابخانەکان، بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، ئەمڕۆ یادی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم قوتابخانەکان کرایەوە و هەمووان ئاگادار کرابوونەوە کاتژمێرێک تاقیکردنەوە بە هۆی ئەو مەراسیمەوە دوابخرێت، بۆ ئەوەی ئەو چالاکییە ئەنجام بدەن.
وەزیری پەروەردە گوتیشی، تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و تایبەتمەندییەکمان داوەتە پێکهاتەکان، بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەکان دەتوانن ئەو رۆژانەی جەژنە، تاقیکردنەوە نەکەن یاخود رۆژێک پێشتر تاقیکردنەوە نەکەن، بۆ نموونە 25ی مانگ جەژنی کریستیانەکانە و دەسەڵاتمان داونەتێ کە پێیان خۆشە 24ی مانگ پشوو بێت دەتوانن بە جۆرێک خشتەی تاقیکردنەوەیان رێک بخەن.
دەشڵێ، پرۆسەی تاقیکردنەوە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و 24ی مانگ کۆتا تاقیکردنەوە دەبێت و 25ی مانگ پشوو دەبێت تا 1/1/2023 و دوو مانگی داهاتووش دەوام دەبێت، بەڵام 2 و 3ی مانگ دەوامی فەرمی نابێت و ناوەندەکانی خوێندن وەرزی یەکەم چۆن سێ ڕۆژیان هەبوو بۆ رێنماییکردن و هۆشیارکردنەوەی قوتابیان، ئەو دوو ڕۆژەش لەسەر چەند تەوەرێک دەبێت وەکو خۆشەویستیی کوردستان و پاکوخاوێنی و هۆشیارانە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمانە هەمووی لە ناوەندەکانی خوێندن باسیان دەکرێت.
حەمەسەعید ڕوونیشی کردەوە، هەموو مامۆستایانمان ئاگادار کردووەتەوە کە بەشێک لە وانەکانیان بۆ هۆشیارکردنەوە تەرخان بکەن.
بڵند ئیبراهیم




